مۆلیدەیەکی ئەهلی. وێنە:964+
لە کەلار.. ئەم مانگە پارەی مۆلیدە لە خەڵک وەرناگیردرێت
964+
هونەر فارس – کەلار
بەهۆی کەم کارکردنی مۆلیدە لە کەلار، خاوەن مۆلیدەکان پارەی ئەمپێرەکانیان لەم مانگەدا وەرناگرن و دەیخەنەسەر مانگی داهاتوو.
لە قەزای کەلاری سەنتەری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، بەهۆی زۆری پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی و کەم کارکردنی مۆلیدە ئەهلیەکان لە مانگی نیساندا، خاوەن مۆلیدەکان کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە پارەی مۆلیدە کۆ نەکەنەوە.
964 دەزانێت، بە بەراورد بە مانگی رابردوو پێدانی کارەبای مۆلیدە ئەهلیەکان بۆ مانگی نیسان زیاد لە 30 کاتژمێر کەمی کردووە.
بۆ ئەم مانگە، مۆلیدەکان نزیکەی 10 کاتژمێر کارەبای مۆلیدەیان بە خەڵک داوە، ئەمەش وایکردووە هەندێک لە خاوەن مۆلیدەکان لەبەر کەمی پارەکە بڕیاریداوە ئەم مانگە پارەکە وەرنەگرێت و مانگی داهاتوو بەیەکەوە وەری بگرێت.
خالید عەبدوڵا، بەرپرسی لیژنەی مۆلیدە ئەهلیەکانی گەرمیان بە 964ـی وت، مانگی پێشوو لە 40 بۆ 60 کاتژمێر کارەبای مۆلیدە بە هاوڵاتیان دراوە و هەر ئەمپێرێک لەنێوان دوو بۆ سێ هەزار دینار بووە.
ئالان ئەرکان، وتەبێژی کارەبای گەرمیان وتەکانی بەرپرسی لیژنەی مۆلیدە ئەهلیەکانی پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، لەم مانگەدا رۆژانە زیاد لە 22 کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی بە هاوڵاتیان دراوە.
پێدانی زۆری کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی لە مانگی رابردوو، بۆ کەمی خواستی هاوڵاتیان بۆ کارەبا و بەکار نەهێنانی گەرم کەرەوە و ساردکەرەوە دێت.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق