ئیسعافەکانی کەلار مانیان لە گواستنەوەی نەخۆش گرتووە

+964

هونەر فارس- گەرمیان

بەشی فریاکەوتنی خێرای تەندروستیی گەرمیان مانیان گرت و سێ رۆژە نەخۆشیان نەگواستووەتەوە.

مانگرتنی بەشی فریاکەوتنی خێرای تەندروستی گەرمیان بەهۆی خەرجنەکردنی پارەی خواردن و رێگەوبانەوەیە، کە بۆ هەر سەفەرێک 30 هەزارە، بە وتەی خۆیان.

لە رۆژی پێنجشەممە 26.4.2023-وە، هەر نەخۆشێک پێویستی بە رەوانەکردن هەبێت، کەسوکارەکەی لەسەر خەرجیی خۆیان بردوویانە، بە وتەی سەرچاوەیەکی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار

هەر بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، شۆفێری ئەو ئیسعافانە هەرچەند مووچەیەکی کەم وەردەگرن، زیاد لە چوار مانگیشە یەک دیناری رێگەوبانیان وەرنەگرتووە.

لەو بارەیەوە  964 دوو جار پەیوەندی بە رەفیق قادر بەرپرسی كردە پزیشكییەكانی گەرمیانەوە كرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە.

بەشی کردە پزیشکییەکانی گەرمیان، کە بە فریاکەوتنی خێرا ناسراوە، زیاد لە 30 ئۆتۆمبیلی ئیسعاف لەخۆ دەگرێت و لە ساڵی رابردوەوە لانیکەم ئەمە سێیەمین جارە مان لە گواستنەوەی نەخۆش دەگرن، بەو هۆیەشەوە کەسوکاری نەخۆش بە ناچاری لە رێگەی نەخۆشخانە ئەهلییەکانەوە نەخۆشەکەیان بۆ نەخۆشخانەکانی سلێمانی دەگوازنەوە و بۆ گواستنەوەی هەر نەخۆشێکیش زیاد لە 250 هەزار دینار کرێ دەدەن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا