تەواوبوونی رێگایەک حاجی ئۆمەران بە ئیبراهیم خەلیل دەگەیەنێت

964+

فەهمی نەبی

وا بڕیارە رێگای گنسێ و کەشکاڤا لە سنوری ناحیە دینارتە دروستبکرێت و دوای تەواوبوونی راستەوخۆ حاجی ئۆمەران بە ئیبراهیم خەلیل دەگەیەنێت، بەڵام ئێستا لەبەر هەندێک گرفتی ئەندازەیی وەستاوە.

لەبارەی هۆکاری وەستانی کارکردن لە رێگاکە شەعبان بەرواری قایمقامی قەزای ئاکرێ بە 964ی وت “کۆمپانیاکە دەستبەکار بووە، بەڵام لەبەر هەبوونی هەندێک تێبینی لەسەر لایەنی ئەندازیاری، داوامان لە بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی ئاکرێ کردوە رۆژی یەکشەممە ئەندازیاران بچنە سەر پڕۆژەکە و تێبینیەکان دەدەنە ئەو کۆمپانیایە و لەنزیکترین کات دەستپێدەکاتەوە”.

رێگای گنسێ و کەشکاڤا 9 کیلۆمەترە و وەک رێگایەکی ستراتیژی دەناسرێت، بە ناحیەی دینارتە و چەمانکێ تێپەڕ دەبێت، دوای تەواوبوونی ئەو رێگایە، کەسێک ئەگەر بیەوێت لە حاجی ئۆمەرانەوە بچێتە زاخۆ پێویست ناکات بێتە هەولێر و دواتر بچێتە دهۆک.

قایمقامی ئاکرێ بەڵێنی زوو دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکە دەدات و باسی گرینگی رێگا ستراتیژیەکە دەکات، دەڵێت، لە حاجی ئۆمەرانەوە دەچیتە بێخمە، لەوێوە بۆ کەشکاڤا و ناحیەی دینارتە و دواتریش بۆ ناحیەی چەمانکێ و لە دهۆک دەردەچیت.

رێگای گنسێ و کەشکاڤا لە سنوری ناحیەی دینارتەی قەزای ئاکرێ لەسەر پلانی ساڵی 2022ی حکومەتی هەرێم جێبەجێدەکرێت، پڕۆژەکە زیاتر لە دوو ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە.