گەنجە بێ کارەکانی کفری تۆمار دەکرێن

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

ژمارەیەک گەنج و چالاکوان لە قەزای کفری، لە رێگەی پرۆژەی “داتابەیسی بێکاری کفری” ئەو کەسانە تۆمار دەکەن کە بێکارن.

لە رێگەی لینکێکەوە بە شێوەی ئۆنڵاین، ئەو کەسانەی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکانن یاخود بەھرە و توانایەکیان ھەیە و بێکارن خۆیان تۆمار دەکەن.

پرۆژەکە ماوەی سێ رۆژە دەستی پێکردوە، نزیکەی 425 کەس، لە بڕوانامە و پیشەی جیاواز خۆیان تۆمار کردووە، کە 120 کەسیان ژن.

رەوف عومەر، سەرپەرشتیاری پرۆژەی داتابەیسی بێکاری کفری بە تۆڕی 964ی وت، “ئامانجمان لەم پرۆژەیە ئەوەیە ئەو کەسە بێکارانە بخەینە سەرکار کاتێک کۆمپانیایەک یاخود خاوەنکارێک داوای کارمەند دەکات ئێمەش بەپێی ئەو بوارەی کە دەیەوێت کەسەکانی بۆ دەنێرین”.

پڕکردنەوەی فۆرمەکە ماوەی دوو مانگ دەخایەنێت، لە دوای ئەوە فلتەر و پێداچوونەوە بۆ ناوی ئەو کەسانە دەکرێت کە فۆرمەکەیان پڕکردووەتەوە، ھەرکەسێک خاوەن کار بێت ناوی دەردەھێنرێت لە داتابەیسەکە، رەوف عومەر وای وت.

زۆری ژمارەی بێکاری و رۆشتنی سەدان گەنج بۆ شارەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان بە مەبەستی کارکردن، وای لەم گەنجانە کردوە کە بیر لەو پرۆژەیە بکەنەوە و بێکارەکان تۆمارکەن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی