دیمەنی قەزای کەلار لەدوورەوە دەردەکەوێت. وێنە: 964+
سێ کەس لەسەر فڕێدانی منداڵەکەی بەردەم مزگەوتی تەقوای کەلار دەستگیرکران
فەهمی نەبی
پۆلیسی گەرمیان لە راگەیەنراوێکدا دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانەی راگەیاند کە منداڵێکی ساوایان لەبەردەم مزگەوتی تەقوا لە کەلار فڕێدابوو.
ئەمڕۆ شەممە پۆلیسی گەرمیان، دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباری راگەیاند کە ئێوارەی 24.4.2023 منداڵیکی کوڕیان لەنێو کارتۆنێک لەبەردەم مزگەوتی تەقوا لە کەلار فڕێدابوو.
پۆلیسی گەرمیان دەڵێت دوای هەڵگرتنەوەی منداڵەکە لەرێگەی کامێرای چاودێریەوە ئەو کەسانەیان دۆزیوەتەوە کە منداڵەکەیان فڕێدابوو.
ئەو کەسانەی منداڵەکەیان فڕیدابوو دوو ژن و پیاوێک بوون، بەپێی راگەیەنراوی پۆلیس، دایکی منداڵەکە دانیشتووی کەلاری کۆنە، سێ ساڵە لە هاوسەری جیابۆتەوە و لەگەڵ پیاوێکی دیکە پەیوەندی هەبووە، لەنێوانیان منداڵێک دروستبووە، ئەوانیش بۆ شاردنەوەی ئەو بابەتە منداڵەکەیان فڕێداوە.
دایکی منداڵەکە تەمەنی 25 ساڵە، فڕێدانی منداڵەکەی بەهاوکاری ژنێکی دیکە ئەنجامداوە، خزمی ئەو پیاوەیە کە بەنهێنی باوکی منداڵەکەیە.
پۆلیسی گەرمیان دەڵێت ئەو تۆمەتبارانە بەپێی مادەی 383 دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.