پێشمەرگەی سلێمانی لە بەسرە ئاهەنگی گێرا

964+
یادگار محه‌مه‌د

تیپی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی دوور لە هاندەرانی خۆی و لە شاری بەسڕه‌ بردنه‌وه‌یه‌كی گرنگی بەسەر یانەی بەحریدا تۆمار کرد.

له‌ یارییەکانی گه‌ڕی 21 ـی خولی پلە یەکی عێراق و لە کۆمەڵەی یەکەمدا، یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بووە میوانی بەحری و یارییه‌كه‌ی به‌ 3-2 گۆڵ لێ برده‌وه‌.

لە 10 خولەکی سەرەتای یارییەکەدا یاریزانانی پێشمەرگە بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ لە ئەنجامەکەدا پێشکەوتن، گۆڵی یەکەم شوان مەحمود لە خولەکی 6 و گۆڵی دووەمیش لە خولەکی 8 جاکوێس هامانی پیشەگەر تۆماری کرد.

دواتر یانەی بەحری ریزەکانی رێکخستەوە و توانی هه‌ر له‌ گێمی یه‌كه‌مدا ئەنجامەکە یەکسان بکاتەوە، کاتێک ئیدهانۆ میکائیلی پیشەگەر تەنیا لە دوو خولەکدا و لە خولەکەکانی 34 و 35 دوو گۆڵی تۆمارکرد.

له‌ گێمی دووه‌مدا هەردوو یانە بە ئامانجی گۆڕینی ئەنجامەکە هاتنەوە نێو یاریگه‌، لە خولەکی 57 یانەی بەحری نەیتوانی سوود لە لێدانێکی پەناڵتی وەربگرێت کاتێک ودادی کریدی پیشەگەر تۆپەکەی خستە دەرەوە، بەڵام یانەی پێشمه‌رگه‌ لە هێرشێکی پێچەوانەدا توانی گۆڵی سێیەم و سەرکەوتن لە رێگەی ساڵح موتڵەگەوە تۆماربکەن و دواجاریش یانەکەی شاری سلێمانی یارییەکەی بەسوودی خۆی کۆتایی پێهێنا.

وسام بازگ، راهێنەری پێشمەرگەی سلێمانی لە شاری بەسڕەوە به‌ ته‌له‌فۆن بۆ تۆڕی 964 وتی، ئەمڕۆ یاریزانەکانمان لە ئاست ئەو ئەرکە قورسەدا بوون، کە پێماندان، توانیان پاڵەوانانە ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەن و ئەم سەرکەوتنە گرنگە بەدەست بهێنن”.

بەم بردنەوەیە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بە کۆی 32 خاڵ پارێزگاری لە پلەی دووەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەی کرد، کە یانەی ئەمانە بە 35 خاڵ پلەی یەکەمی گرتووە و سەرکەوتنی پاڵەوانی ئەم کۆمەڵەیەش بۆ خولی نایاب دواخرا بۆ دواگه‌ڕی خوله‌كه‌، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مانه‌ی به‌غداش، كه‌ سه‌رهه‌نگ موحسین گۆڵپارێزی تیپه‌كه‌یه‌، ئه‌مڕۆ به‌ 3-0 گۆڵ له‌ یانه‌ی حه‌ویجه‌ی برده‌وه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا