کارکردن لە نەخۆشخانە خێرخوازییەکەی چەمچەماڵ دەستیپێکرد

964+

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

کەلوپەل و پێداویستی گەیشتە شوێنی دروستکردنی نەخۆشخانە خێرخوازییەکەی چەمچەماڵ و ئەمڕۆ بە فەرمی کارکردن لە پڕۆژەکە دەستی پێکرد، لە رۆژانی داهاتوش پێداویستی شۆفڵ و حەفارە و ئامێری زیاتر دەهێنرێتە سەر پڕۆژەکە.

لەساڵی 2013ـەوە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژرادن، بەردی بناغەی نەخۆشخانەیەکی 50 قەرەوێڵەیی دانرا لە چەمچەماڵ، بەڵام دواتر پڕۆژەکە تەواونەکرا و بەردی بناغەی پڕۆژەکەش بونی نەما، بەڵام ئێستا لەلایەن سەرمایەدارێکی شاری سلێمانی نەخۆشخانەیەکی 100قەڕەوێڵەیی بۆ چەمچەماڵ دروست دەکرێت لە شوێنی ئەو نەخۆشخانە حکومییە.

د. شەریف رەحیم، جێگری بەڕێوبەری تەندروستی چەمچەماڵ بە 964ی وت،  رێکارە یاساییەکان تەواو بووە و رووبەری هەشت دۆنم زەوی دراوە بە سەرمایەدارێک و بەزارەکی پێیان وتراوە لە ماوەی ساڵێکدا تەواودەکرێت، گوژمەی پرۆژەکەش  پێنج ملیون دۆلارە، بە تەواو بوونی ئەم نەخۆشخانەیە 80%  پێداویستی و کێشەکانی کەرتی تەندروستی چەمچەماڵ چارەسەر دەبێت.

وتیشی، “ئێمە لە سنوری قەزای چەمچەماڵ پێویستیمان بە نەخۆشخانەیەکی 150 قەرەوێڵەیی هەیە، چونکە هەردوو نەخۆشخانەی شەهید پێشڕەو لە ناوەندی چەمچەماڵ و نەخۆشخانەی باسەرە لەناحیەی شۆڕش هی ساڵی 1980کانە و بە بەراود بە دانیشتوانی ئەم شارە بچوکە، نەخۆشخانەی منداڵ بوونی چەمچەماڵ پێشتر بنکەی تەندروستی بووە”.

بە وتەی بەرپرسانی تەندروستی قەزاکە، بە دروستکردنی ئەو نەخۆشخانەیە بەشێک لە گرفتەکانی کەرتی تەندروستی لە چەمچەماڵ چارەسەر دەبن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی