لۆگۆی پۆلیسی سلێمانی
ئەوانەی تەقەیان لە نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی کرد دەستگیرکران
964+
فەرمان سادق
ئەو دوو کەسەی هێرشیان کردە سەر نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی دەستگیرکران.
کاتژمێر 3:30ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، شەرە تەقە لەبەردەم نەخۆشخانەی دکتۆر جەمالی منداڵان لە سلێمانی روویدا.
شەرەکە لەنێوان دوو کەس بووە لەگەڵ کارمەندێکی نەخۆشخانەکە کە بەهۆیەوە پۆلیسێک و کارمەندێک بریندار بوون.
کەمێک پێش ئێستا پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوێکیدا دەستگیرکردنی دوو کەسی لەسەر شەرە تەقەکە راگەیاند.
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت: بە تۆمەتی تەقەكردن لە نەخۆشخانەی منداڵان و برینداركردنی كارمەندێكی پۆلیس و كارمەندێكی نەخۆشخانەكە دوو تۆمەتبار دەستگیركران.
“مەفرەزەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دوو تۆمەتباریان دەستگیركرد كە هەڵیانكوتابووە سەر نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی و كارمەندێكی پۆلیس و كارمەندێكی پرسگەی نەخۆشخانەكەیان بەفیشەك بریندار كردبوو”. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەوەش خراوەتەڕوو کە رووداوەکە کاتژمێر 10:30 خولەکی خولەکی شەوی رابردوو بووە، ئەو دوو كەسەشی تەقەیان کردووە لەژێر کاریگەری مادە کھولییەکاندا بوون و دەیانویست سەردانی منداڵێك لە نەخۆشخانەی منداڵان بکەن، بەڵام کاتژمێر 1:30ـی خولەکی شەو تۆمەتبارەکان دەگەڕێنەوە بۆ نەخۆشخانەکەو تەقە لە پۆلیسێک و كارمەندێکی پرسگەی نەخۆشخانەکە دەكەن و برینداریان دەكەن.
پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوەکەیدا دەشڵێت: دەستبەجێ ھێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکەو تۆمەتباری سەرەکی کە تەقەی کردبوو دەستگیرکراو ئەو کەسەی کە لەگەڵیدا بوو ھەڵات، توانرا لە ماوەیەكی كەمدا تۆمەتبارەکەی تریش دەستگیربکرێت و دەستیشبگیرێت بەسەر چەكێكی جۆری دەمانچە كە تۆمەتبار تەقەی پێكردبوو.
لە ئێستادا هەریەك لەتۆمەتباران (ش. خ. ا.) لەدایکبووی 1985 و (ئ. خ. م.) لەدایکبووی 2003، بە بڕیاری دادوەرو بەپێی مادەی 232 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
لە ئێستادا ھەردوو برینداری رووداوەکە لە نەخۆشخانەن و چارەسەری پزیشكی وەردەگرن و دۆخی تەندروستییان جێگیرە.