وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر: کامێرای سەر ترافیکەکان وەک مۆبایلەکەت وێنەت دەگرێت

964+

فەهمی نەبی

لە روونکردنەوەیەکی نوێی هاتوچۆی هەولێر دەرکەوتووە، کامێرای سەر ترافیکەکان لە چوار حاڵەت سەرپێچی تۆمار دەکەن، هاوکات کوالێتیان هێندە بەرزە وەک مۆبایل وێنە دەگرێت.

فازڵ حاجی وتەبێژی هاوتوچۆی هەولێر بۆ 964 دەڵێت: ئەو کامێرایانە هەمان سستمی کامێرای خاڵ بۆ خاڵەیان هەیە، بە جۆرێک چەند سەرپێچییەک تۆمار دەکەن لەوانە، لێدان لە چرای سوور، داگیرکردنی زۆنی پیادەکان، دەرچوون لە خێرایی شەقام و گرتنی دەستە راستی ترافیکەکان.

فازڵ حاجی، روونکردنەوە لە بارەی هێڵی پیادەڕۆیی دەدات دەڵێت، هێڵێکی سپی هەیە دەکەوێتە پێشی ئەو هێڵانەی بۆ پەڕینەوە کراون، ئەگەر ئۆتۆمبێڵێک دوو تایەی پێشەوەی لەو هێڵە دەرچوو سزاکە تۆمار ناکات، بەڵام ئەگەر هەردوو تایەکەی دواوەی دەرچوو ئەوا سزاکەی بە لێدان لە گڵۆپی سوور بۆ هەژمار دەکرێت، کەواتە دەبێت وەستانی ئۆتۆمبێڵ بکەوێتە پێش ئەو هێڵە سپییە.

بە وتەی فازڵ حاجی، ئەو کامێرایانە کوالێتی و وردیيەکەی هێندە بەهێزە، چۆن بە مۆبایلەکەت وێنەیەکی خۆت دەگریت ئاوا وێنەی ئەو کەسانە تۆمار دەکات، کە قایشیان نەبەستووە یان مۆبایل بەکاردێنن.

بە پێی بڕیاری ژمارە 79ی ساڵی 2016، هەر ئۆتۆمبێڵێک لە گڵۆپی سوور بدات، بڕی 40 هەزار دیناری وەک سزا بۆ هەژمار دەکرێت.