غەرامەکران و ئازادکران

بە تۆمەتی تێکدانی ژینگە ژمارەیەک مانگا دەستگیر کران

+964
عەمار عەزیز – دهۆک

ئەمڕۆ لە سنووری ناحیەی دینارتە 6- 7 مانگا لەلایەن شارەوانیی ئەو ناحیەوە دەستگیرکران، ئەوەش بە تۆمەتی تێکدانی ژینگە، دواتر پێبژاردن بە خاوەنەکانیان کرا و مانگاکان ئازادکران.

بە پێی یاسا ژمارەی 27 له‌ فەقەرەی (ح،ز) دەستەڵات دراوە بە شارەوانی، کە هەر کاتێک مانگا یان هەر جۆرە ئاژەڵێکی دی لە سنوری شارەوانی زیان بگەیه‌نێتە دار یان ژینگە تێکبدات، دەستگیر بکرێن لەگەڵ سزادانی خاوەکانیان بە برێک پارە.

نوعمان سەلیم، بەڕێوبەری شارەوانیی ناحیەی دینارتە بە 964ی وت، “ئەمڕۆ 6 -7 مانگا بۆ ماوەیەک لەلایەن تیمەکانمان دەستگیرکران، ئەمەش بە تۆمەتی تێکدانی ژینگە و خواردنی پەلکی داره‌كان، دواتر خاوەنەکانیان هاتوونەتە لای ئێمە، مانگاكانیان رادەست كراوه‌ته‌وه‌، لە بەرامبەریشدا هەر یەکێکیان به‌ بڕی 50 هەزار دینار سزادراون”.

“ئەم هەڵمەتە دەتوانم بڵێم رۆژانە دووبارە دەبێتەوە، بە بڕی نزیکەی 50 ملیۆن دینار دارمان چاندووە و رۆژانە تیمەکانمان سەرقاڵی ئاودان و چاودێریین، مافی خۆمانە خاوەنی ئەو مانگایانە سزا بدەین”، نوعمان سەلیم وای وت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، دەیان جار بە خەڵکیان وتووە نابێت مانگا و ئاژەڵەکانی دیكه‌ بێنە ناو سەنتەری شار و زیان بە داره‌كان بگەیه‌نن، بەڵام بێسوود بووە، لە مانگی رەمەزانیشدا چەند جارێک ئەم حاڵەتانە دووبارەبووه‌ته‌وه‌.

پێداچوونەوە؛ ئەرسەلان عەبدوڵا