ئەمە 23ـیەمین حالەتە لەم مانگەدا
لە سنونێ سەگ پەلاماری منداڵێک دەدات
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
لە سنونێ سەگێک پەلاماری منداڵێک دەدات و بەمەش دەبێتە 23ـیەم حالەت کە لەم مانگەدا روویدا، بەرپرسانی تەندروستی ناوچەکەش دەڵێن، سەگی بەڕەڵا بووەتە هەڕەشە بەسەر دانیشتووانی سنووری قەزای شێخان.
رووداوی پەلاماری سەگێک لە ناحیەی سنونێی سەر بە قەزای شنگال، ئەمڕۆ شەممە 22.4.2023 روویداوە، وەک لەو وێنانەی دەست 964 کەوتووە، سەراپای گیانی منداڵە تەمەن چوار ساڵەکە بریندار بووە، ئەمەش سێیەمن پەلاماردانی سەگ بووە لە دوو رۆژی رابردوودا.
لە بەدواداچوونێکی 964 لەسەر پەلاماری سەگ بۆ سەر هاوڵاتیان لە سنووری شنگال، دەرکەوتووە کە لەم مانگەدا ئەمە 23ـیەمین حاڵەتە روویداوە و پێش ماوەیەکیش منداڵێکی تەمەن 10 ساڵ بەهۆی پەلاماری سەگەوە دوای 40 رۆژ، گیانی لە دەستدا.
بەرەکات حاجۆ، بەڕێوەبەری بنکەی تەندروستی خانەسۆر قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: سەگی بەڕەڵا لەناو قەزای شنگال و سنووری قەزایەکە زۆر زیادی کردووە.
دەشڵێت: تەنیا لەم مانگەدا 23 حاڵەت روویداوە و بەشێک لەوانەی سەگ پەلاماری داون بەهۆی سەختی برینەکانیان رەوانەی هەردوو نەخۆشخانەی تەلەعفەر و موسڵ کراون.
زیاتر وتیشی “منداڵێکی تەمەن 10 ساڵ، دوای پەلاماری سەگ بە 40 رۆژ دواتر گیانی لە دەستدا”.
964 دەزانێت، لە دوو رۆژی رابردوودا سەگ پەلاماری پیاوێکی تەمەن 70 ساڵی، هەروەها کچێکی تەمەن 10 ساڵی و کوڕێکی تەمەن چوار ساڵی داوە.
بەرەکات حاجۆ، بەڕێوەبەری بنکەی تەندروستی خانەسۆر، باس لەوە دەکات کە ئامارەکان نیشانی دەدەن کە سەگی بەڕەڵا بووەتە گەورەترین هەڕەشە لە سنووری قەزای شنگال، پێیوایە ئەگەر زوو چارەسەری ئەو دیاردەیە نەکرێت ئەوا خەڵکی دیکەش دەبنە قوربانی پەلاماردانی سەگی بەڕەڵا.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق