"بەهۆی کێشەی میکانیکی کەوتووەتە خوارەوە"

فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکی کەوتە خوارەوە

964+
کاروان ساڵحی

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی لە باشووری کەرکوک راگەیاند، سەرچاوەیەکیش دەڵێت: دوو هێلیکۆپتەر دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 22.4.2023، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە باشووری کەرکوک کەوتە خوارەوە.

لە بەیاننامەیەکدا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەر کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە دەڵێت: فڕۆکەکە بەهۆی کێشەی میکانیکی کەوتووەتە خوارەوە کە بۆ پشتگیری راستوخۆی ئۆپراسیۆنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ئەرکدا بوو.

“هێزە عێراقییەکان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی کەوتنە خوارەوەکە، دواتریش کارمەندانی بەشی خزمەتگوزاری هاوپەیمانان گەیشطوونەتە شوێنەکە، بەهۆی رووداوەکەش هیچ زیانێکی گیانی نەبووە”. لە بەیاننامەی هاوپەیمانان هاتووە، ئەوەش خراوەتەڕوو کە فڕۆکەکە بۆ چاودێری ناوچەکە و توانای هەواڵگری بۆ هێزە ئەمنییە عێراقییەکان دابین کردووە کە سوودی لێوەردەگیردرێت بۆ تێکشکاندنی رێکخراوی داعش لە هەموو ناوچەکە.

964 زانیاری ئەوەی دەستکەوتووە کە فڕۆکەکە لە جۆریMQ1 grayی ئەمریکییە، لەنێوان سنووری گوندی تەل مەغار و گوندی سەعد سەر بە قەزای داقوق کەوتووەتە خوارەوە.

بەپێی وتەی شایەتحاڵێک لە گوندی سەعد کە بۆ 96 قسەی کردووە، دەڵێت: چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر دوو هێلیکۆپتەری ئەمریکی لەنێوان ئەو دوو گوندە نیشتونەتەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و وێنەگرتنی شوێنەکە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی