پێشمەرگەی سلێمانی مەسافیی راگرت

964+
یادگار محه‌مه‌د – سلێمانی

له‌ خولی پله‌ یه‌كی عێراقدا یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی بردنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی تۆمار كرد، سێ خاڵی له‌ یانه‌ی مه‌سافی جنووب وه‌رگرت.

له‌ یارییەکانی گه‌ڕی 20ی خولی تۆپی پێی یانە پلە یەکەکانی عێراق، لە کۆمەڵەی یەکەمدا یانەی پێشمەرگەی سلێمانی لە یاریگه‌ی خۆیدا میوانداریی مەسافی جنووبی شاری بەسڕەی کرد، گێمی یەکەم یاریزانانی پێشمەرگە باڵادەست بوون و چەند هەلێکیان بۆ دروست بوو، لە خولەکی (14) و لە هێرشێکدا یاریزانی پیشه‌گه‌ر جاکوێس هامان یانەی پێشمەرگەی کردە خاوەنی گۆڵی یەکەم، دواتر هێرشەکانی تیپی خاوەن یاریگه‌ درێژەی هەبوو، محەمەد عەباس لە خولەکی (38) گۆڵی دووەمیشی تۆمارکرد.

گێمی دووەم هەردوو یانە لە ئاستەوە نزیک بوون و یانەی مەسافی بە چەند هێرشێک وەڵامی پێشمەرگەی دەدایەوە، لە کاتی زیادکراوی یارییەکەدا و لە خولەکی 90+1 محەمەد تەقی جیاوازی ئەنجامەکەی کەمکردەوە و گۆڵی یەکەمی بەخشی بە مەسافی و دواجاریش یارییەکە بەئەنجامی 2-1 گۆڵ له‌ سوودی پێشمەرگە کۆتایی هات.

بەم بردنه‌وه‌یه‌ پێشمەرگە کۆی خاڵەکانی گەیاندە (29) و بە سوودوەرگرتن لە شکستی یانه‌ی بەحری، خۆی گەیاندە پلەی دووەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەی.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا