دوو كچه ونبووه‌كه‌ى به‌حركه‌ و دینارته دۆزرانه‌وه‌‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له ‌ماوه‌ى چوار رۆژى رابردوودا، دوو حاڵه‌تى ونبوونى كچان له‌ دوو شوێنى هه‌رێمی كوردستان تۆماركرا، له‌ ئێستا چاره‌نووسى هه‌ردوو كچه‌كه‌ ئاشكرا بووه‌، یه‌كێكیان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ماڵه‌وه ‌و دووه‌میشیان چووه‌ته‌ شارى سلێمانى .

دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر كچێكى ته‌مه‌ن 16 ساڵ به‌ره‌گه‌ز عه‌ره‌ب به‌ناوى (هه‌نا) له‌ناحیه‌ى به‌حره‌كه‌ى سه‌ر به‌ پارێزگاى هه‌ولێر، له‌ماڵه‌وه‌ چۆته‌ ده‌ره‌وه‌و نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، دووه‌میشیان سێ رۆژ له‌مه‌وبه‌ر كچێكی ته‌مه‌ن 19 به‌ناوى (په‌روین) له‌ گوندی سەرگەلی سەر به‌ ناحیه‌ى دینارتە له‌ دهۆك له‌ماڵ ده‌رچووه‌و نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

له‌ په‌یوه‌ندییه‌كدا عه‌قید دلهات زێباری به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسی ناحیه‌ى دینارته‌ به‌ 964ـى راگه‌یاند، ئه‌و كچه‌ ناوى په‌روین محه‌مه‌د سلێمانه‌، له‌ رۆژى 17.4.2023 له‌ماڵ چووەته‌ ده‌ره‌وه‌، وتیشی “له‌ دوێنێه‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌و كچه‌ له‌ سلێمانیه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ كه‌سوكاره‌كه‌ى كردووه‌”.

رونیكرده‌وه‌، كه‌ ئه‌و كچه‌ دایك و باوكی نه‌ماوه‌ و ته‌نیا خوشك و برایه‌كى هه‌یه‌، پێشتر له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى توندوتژى سكاڵاى كردووه‌، وتیشی “براكه‌ى به‌نیازه‌ بچێته‌ لاى له‌ سلێمانى و هه‌وڵى گه‌ڕانه‌وه‌ى ده‌دات”.

له‌لایه‌كی دیکه‌وه‌، محه‌مه‌د ئه‌مجه‌د ساڵح، براى (هه‌نا) به‌ 964ـى وت “خوشكه‌كه‌م له‌ رۆژى 18.4.2023 له‌ماڵ ده‌رچوو تا ئێواره‌ نه‌گه‌ڕایه‌وه‌، ئێمه‌ش پۆلیسمان ئاگاداركردووه‌، دواتر ده‌ركه‌وت له‌ماڵى خزمێكمان بوو له‌ به‌حركه‌ و ئێواره‌ش گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌وه‌”.