بەردەوام راهێنانی موای تای بە کچەکانی دەکات

 964+

هونەر فارس – کەلار

بەهەشت و بارین و مەلەک، سێ کچە یاریزانی موای تاین لە قەزای کەلار، رۆژانە دەچنە هۆڵێکی وەرزشی و باوکیان تا توانای تێدایە راهێنانیان  پێدەکات.

بەهەشتی تەمەن نۆ ساڵ، تا ئێستا لە گەرمیان بەشداری چەند پاڵەوانێتیەکی موای تای کردووە و جارێکیش لەسەر ئاستی کوردستان پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە.

ئێستاش لەلایەن فیدراسیۆنی موای تای عێراقەوە بەڵێنی پێدراوە مانگی نۆی ئەمساڵ بەشداریی پاڵەوانێتیەکی  پێ بکرێت، کە لە وڵاتی تورکیا بەڕێوەدەچێت.

یاریی موای تای یارییەکی جیهانییە لە ریزبەندی وەرزشی بەرگریدایە، چەند ساڵێکە لە هەرێمی کوردستانیشدا خو بەم یارییە دراوە.

دڵشاد کەریم، تەمەن 40 ساڵ پشتگیرێکی باشی کچەکانیەتی و بێ گوێدانە قسە و باسی ئەوانیتر، پێی باشە کچەکانی فێری هونەری بەرگریی ببن.

بەهەشت و بارین و مەلەک، هەر لە ئێستاوە بە وەرزشی موای تای بۆکس و زرمەیان بەهێز دەکەن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی