چه‌ند بڕیارێك ده‌رچوو

له‌مه‌ودوا مه‌ڕداره‌كان به‌وشێوه‌یه‌ ده‌چنه‌ كوێستانه‌كان

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

سه‌باره‌ت به‌ شێوازى چوونى ره‌وه‌نده‌ مه‌ڕداره‌كان بۆ كوێستانه‌كان، چه‌ند بڕیار و رێنماییه‌ك ده‌رچووه‌، به‌پێی یه‌كێك له‌و بڕیارانه‌ش “بردنی ئاژەڵەکان بە پیادە قەدەغەیە و رێگە پێدراو نییە”.

گرفت و كێشه‌ى مه‌ڕداره‌كان و چوونیان بۆ كوێستانه‌كان له‌سنووره‌كانى قه‌زاى پێنجوێن و سنوورى باڵه‌كایه‌تى بوونى هه‌یه‌، پێشتر له‌ پارێزگاى سلێمانییه‌وه‌ بڕیارى پێویست بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌رچووه‌، ئێستاش له‌ سنوورى باڵه‌كایه‌تى رێكاره‌كانى چوونى ئه‌و ره‌وه‌ندانه‌ بۆ كوێستانه‌كان دیاریكراوه‌.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران، له ‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئیداره‌كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ردوو قایمقامی چۆمان و سیده‌كان چه‌ند بڕیارێك بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌ركرا.

دوو لیژنەى تایبه‌ت له‌ سنوورى ئه‌و دوو قه‌زایه‌ پێكهێنراون كه‌ هێزه‌كانى ئاسایشیان تێدایه‌.

هه‌ر به‌پێی ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه‌، كه‌ وێنه‌یه‌كی لاى 964ـه‌، بڕیار درا، رۆژی 20.5.2023 دیاریكرا بۆ مەڕدارەکان به‌ مەبەستی چوونیان بۆ کوێستانەکان.

بڕیاریش درا، هەر مەڕدارێک ئه‌گه‌ر بیه‌وێت بچێته‌ كوێستانه‌كان، دەبێت رەزامەندی لایەنی پەیوەندیدار وەربگرێت و بۆ گواستنەوەی مەڕدارەکانیش پێویستە بە ئۆتۆمبێل ئاژەڵەکانیان بگوازنەوە بۆ شوێنی مەبەست.

دوا بڕیاریش كه‌ له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ دراوه‌ ئه‌وه‌یه‌، لەپێناو سەلامەتی خاوەن ئاژەڵان و هاوڵاتییان، بردنی ئاژەڵەکان بە پیادە قەدەغەیە و رێگە پێدراو نیە.