لاوێکی دیکەی دەربەندیخان بانگهێشتی ریزی هەڵبژاردەی عێراق کرا

964+

یادگار محه‌مه‌د

لەسەر راسپاردەی کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق (یوسف وەلی) یاریزانی کوردی یانەی فاینۆرد رۆتەردامی هۆڵەندی بانگهێشتی ریزی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق کرا .

یوسف وەلی کە لە دایکبووی وڵاتی ئەڵمانیایە ، خێزانەکەی خه‌ڵكی ده‌ربه‌ندیخانن به‌ڵام لە ساڵی 1996 ـەوە دانیشتووی ئەو وڵاتەن و خۆشی یەکێکە لە لاوە ئاستبەرزەکانی یاری تۆپی پێ.

وەلی ئەمین، باوکی یوسف لە لێدوانێکی تایبەت بە 964ـى وت “بەهۆی ئاستبەرزی یوسفەوە لەگەڵ یانەکەی “کاساس”ی راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بانگهێشتنامەی فەرمی بۆ ناردووە تاكو لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق یاری بکات .

باوکی ئەو یاریزانە ده‌شڵێت “کاساس پێیباش بووه‌ سەرەتا یوسف بۆ ریزی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق یاری بکات، لەبەرئەوەی بتوانێت زیاتر ئەزموون پەیدا بکات چونکە هەڵبژاردەی لاوانی عێراق بەشداری پاڵەوانێتی جامی جیهانی دەکات”.

یوسف وەلی ئەمین لە دایکبووی ساڵی 2003ـى وڵاتی ئەڵمانیایە و لە ژیانی وەرزشیدا یاری بۆ هەریەک لە یانەکانی دۆرتمۆند، ڤکتۆریا کۆڵن و فاینۆرد رۆتەردام، کردووە و لەسەر ئاستی هەڵبژاردەش یاری بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیای خوار ئاستی تەمەن 19 ساڵان کردووە .

هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر ياریزان محه‌مه‌د ئیبراهیم كه‌ ئه‌ویش خه‌ڵكی ده‌ربه‌ندیخانه‌، چووه‌ هه‌ڵبژارده‌ى تازه‌پێگه‌یشتووانى عێراق.