شوفێران: چەندان کاتژمێر لەبەردەم دەرگای دەروازەی پەروێزخان دەمێنینەوە دەرگامان لێ ناکەنەوە
964+
هونەر فارس – کەلار
بارهەڵگرانی کوردستان نیگەرانن لە نەکردنەوەی دەرگای دەروازەی پەروێزخان، بەڕێوەبەری دەروازەکەش دەڵێت: کاتژمێر 11ـی شەو دەیکەینەوە.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی یەکێک لە بارهەڵگرەکان کە بڵاوی کردووەتەوە، ناڕەزایەتی دەردەبڕێت لەوەی کە کاتێک بە بەتاڵی لە ئێراوەنەوە دەگەڕێنەوە، بەرپرسانی دەروازەکە دەرگای هاتنە ناوەوەی کوردستانیان لێ ناکەنەوە.
ئەو دەڵێت، هەر کاتێک بگەڕێنەوە، تا کاتژمێر 11ـی شەو دەرگا ناکەنەوە.
کاوە عەسکەری، شوفێری بارهەڵگرەکەی کە ڤیدیۆکەی بڵاوکردەوە قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: شەو هەیە 120 سایەقین، شەو هەیە 70 سایەقین، بەو هیلاکییە و ماندوێتییە دەبێت چاوەڕێ بکەین تا سەعات 11ـی شەو تاوەکو دەرگامان لێدەکەنەوە.
لەبارەی نیگەرانی شوفێرانەوە، عەباس ئیسماعیل، بەرپرسی دەروازەی پەروێزخان بە 964ـی وت، داخستنی دەرگای دەروازەکان لە کاتژمێر 8:00ی شەو قانونیە و چەندین ساڵە هەروا بووە.
دەشڵێت: ئەوانەی دوای کاتژمێر 8ـی شەو دەگەنە دەروازەکە بەپێی یاسا دەبێت بە لیژنەی هاوبەشی “پۆلیس، ئاسایش، گومرگ و سوات و دەروازە” دەرگاکە بکرێتەوە.
زیاتر وتیشی “مەرج نیە تەنیا کاتژمێر 11ـی شەو بێت، هەرکات لە ئێرانەوە پێمان راگەیەندرا کە بارهەڵگر لەودیو نەماوە دەرگاکەیان بۆ دەکەینەوە”.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق