له ‌سۆران گرنگی زیاتر به‌ شه‌ڵته‌رى سه‌گه‌كان ده‌درێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران، گرنگی زیاتر به‌و شه‌ڵته‌ره‌ ده‌درێت كه‌ ماوه‌ى سێ ساڵه‌ بۆ پاراستن و به‌خێوكردنى سه‌گه‌كان دروست كراوه‌.

ئەندازیار سه‌لوا شۆرۆ شێروانى، سه‌رۆكى شاره‌وانيى سۆران به‌ 964ـى راگه‌یاند، ده‌یانه‌وێت گرنگی زیاتر به‌ شوێنی مانه‌وه ‌و به‌خێوكردنى سه‌گه‌ به‌ڕه‌ڵاكان بده‌ن و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ند جارێك سه‌ردانى ئه‌و شوێنه‌یان كردووه‌ و كه‌موكوڕییه‌كانیان ده‌ستنیشان كردوون.

سه‌لوا شێروانى، وتیشی “پێویسته‌ ئه‌و شوێنه‌ له‌هه‌موو رووێكه‌وه‌ بۆ سه‌گه‌كان پارێزراو بێت و چیتریش سه‌گى به‌ڕه‌ڵا له‌ ناو كۆڵان و سه‌ر شه‌قامه‌كانى سۆران نه‌بیندرێن”.

به‌ پێی ئه‌و به‌دواداچوونه‌ى كه‌ شاره‌وانغى سۆران بۆ شه‌ڵته‌رى سه‌گه‌كانى كردووه‌، كه‌موكوڕییه‌كانى نه‌بوونى سیاح و شوێنی مانه‌وه‌ى سه‌گه‌كان و چاره‌سه‌رى ته‌ندروستى، بۆ ئه‌و شوێنه‌ دابین ده‌كه‌ن.

وتیشی “له‌ سبه‌ینێوه‌ نووسراو بۆ سه‌رووى خۆمان به‌رزده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ كاركردن له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ و پێشبینىیی ده‌كه‌ین له‌ دواى جه‌ژنه‌وه‌ كاره‌كانى ئه‌و كه‌موكوڕیانه‌ جێبه‌جێ بكرێن”.

به‌ پێی زانیارییه‌كانى 964، ساڵی 2020 ئه‌و شەڵته‌ره‌ بۆ سه‌گه‌كان لە پشت ناوچەی پیشەسازی باپشتیان له‌ سۆران دروست كراوه ‌و تا ئه‌مڕۆش له‌لایه‌ن خێزانێكی خۆبه‌خشه‌وه‌ كاره‌كانى به‌ڕێوه‌ده‌چێت.