گەنجانی ئاکرێ کۆبوونەتەوە و یاری گوستیلانێ دەکەن. وێنە: 964
گوستیلانێ هێشتا لە ئاكرێ بەگەرم و گوڕی دەكرێت
زەید کۆچەر- ئاکرێ
یاری گوستیلانێ لە قەزای ئاکرێ زۆر دەنگی داوەتەوە و ئێستا چەند تیمێک دروستكراون و قارەمانێتی لەسەر ئاستی کوردستانیش دەكەن.
یاریەكە شەوانی رەمەزان زیاتر دەكرێت و بەشیكی زۆر لە دانیشتوانی ئاكرێ گرنگی پێدەدەن.
یاری گوستیلانێ لە زۆربەی شارەكانی كوردستان دەكرێت، لە هەندێك شوێن بە یاریەكە دەوترێت یاری شاردنەوەی مستیلە، ئەو كەسەی كە یاریەكە دەكات لە یەكێك لە دەستەكانیدا ئەنگوستیلەیەك دەشارێتەوە و دەبێت تیمی دووەم ئەنگوستیلەكە لە دەستیدا بدۆزنەوە.
تیمی ئەنگوستیلانێی ئاكرێ لە ماوەی رابردوودا چەندین سەركەوتنیان لە دهۆك و هەولێر لەو یاریەدا بەدەستهێناوە.
هەکار ئاکرەیی، یەکێکە لەو یاریزانەی دانیشتووی قەزای ئاکرێیە بە 964ی وت، ئێمە چێژ لە یارییەكە دەبینین و تیمەكەمان لە 30 كەس پێكدێت و لەگەڵ چەند تیمێكی دیكەدا کە بەشداری یاریان كردووە و توانیویانە بردنەوە تۆماربكەن.
شەوانی رەمەزان گەنجانی ئاكرێ لەسەر شەقامە گشتیەكانی شارەكەیان كۆدەبنەوە و دەبنە چەند تیمێك و یاریەكە دەكەن و براوەكەش خەڵاتدەكرێت.