لە یاریەکی تۆپی پێ شەڕە چەقۆ روویدا و سێ کەس بریندارن

+964
راژان باجەلان – خانەقین

لە خانەقین پاڵەوانیەتیەكی تایبەت بە تۆپی پێ لە مانگی رەمەزاندا ئەنجامدرا، لە پاڵەوانیەتیەكەدا شەڕ دروستبوو سێ كەس بریندار بوون.

پاڵەوانیەتیەكە لە یاریگای دارەكونارە كرا، دوو تیپی میللی خانەقین بەناوەكانی كارێز و عەلی موڕاد بەشداربوون.

شەڕو پێكدادان لەنێوان لایەنگرانی هەردوو یانەدا روویدا، بەهۆیەوە سێ هەوادار بریندار بوون.

“هاندەرانی یانەی كارێز بە چەقۆ و قەمە هێرشیان كردووەتە سەر لایەنگرانی یانەی عەلی موڕاد لە دارەكونارە و بریندارەكان رەوانەی نەخۆشخانەی شارەكە كراون،  برینەكانیان سەخت نین، بەڵام لە نەخۆشخانە كاری پێویستیان بۆ كراوە”، سەرچاوەیەك لە نەخۆشخانەی خانەقین ئەمەی بە تۆڕی 964ی وت.

ئەم پاڵەوانیەتیە لە یاریگای دارە كونارە لە خانەقین هەموو ساڵێك بەڕێوەدەچێت، یەكێك لە هاندەرەكان قسەی بۆ پەیامنێری 964 كردووە و دەڵێت، هەموو ساڵێك شەڕو پێكدادان لەنێوان لایەنگراندا دروستدەبێت ئەوەش گرفتی بۆ یاریەكان دروستكردووە.

پاڵەوانیەتیەكە لەلایەن یەكێتی تۆپی پێی یانە میللیەكانی خانەقینەوە سەرپەرشتی دەكرێت.