دانیشتووانی شارەزوور دەڵێن پارشێوان کارەبایان نییە.. بۆچی؟

964+

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

بەرێوەبەری ھۆبەی کارەبای شارەزوور دەڵێت، بە نوسراو داوا نەکراوە تا لە نەبوونی کارەبای حکومی، مۆلیدە ئەھلییەکان لە پارشێودا کارەبا بدەنە ھاوڵاتیان.

پێشتر بە داواکاری، پێدانی کارەبای مۆلیدە ئەھلییەکان لە کاتژمێر 2:00ـی پاشنیوەرۆ بۆ 1:00ی شەو  جێگیرکراوە، لە نەبوونی کارەبای حکومی مۆلیدەکان ببڕای ببڕ یەک سەعاتیش کارەبا زیاتر نادەن.

ئەمه‌ وایکردووە، ژمارەیەک ھاوڵاتی قەزای شارەزوور گازندە بکەن و بەشێکیشیان گلەییەکانیان ھێناوەتە نێو سۆشیاڵ میدیا و دەڵێن “شەوانی قەدر و پارشێو بە تاریکی بەرێدەکەن”.

ئەمرۆ شەممە 15.4.2023, لوقمان ئەنوەر بەرێوەبەری ھۆبەی کارەبای قەزای شارەزوور بە 964ـى وت “ماوەی کاتەکانی پێدانی کارەبای حکومی لە کۆنترۆڵی گشتی کارەباوە دادەنرێت، ئەوە دوو بۆ سێ شەوێکیشە لە پاشێواندا کارەبا نییە و بەرنامەی پێدانی کارەبای مۆلیدەکانیش له‌ کاتژمێر 1:00ی شەوە و کۆتایی پێدێت”.

وتیشی “وەک خۆیان ئامادەی وەرگرتنی ھەر داواکارییەکن، بەڵام بە نوسراو داوانەکراوە پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبای مۆلیدە زیادبکەن، کە لەگەڵ ھەر زیادکردنێکدا تێچوو لەسەر ھاوڵاتی زیاد دەکات، لە دۆخێکی وادا پارە زیاتر لە ھاوڵاتی دەسەندرێت، ئەمەش بەبێ داواکاری ھاوڵاتی جێبەجێ ناکرێت”.

لە بارەی ئەوەی بەشێکی زۆر لە ھاوڵاتیان ئێستا ئەرکێکی ئایینی بەجێدەگەیەنن و پێویستیان بە کارەبا ھەیە لە شەودا، بەرێوبەرەکەی ھۆبەی کارەبای شارەزوور وتی “خەڵک چی پێباش بێت ئەوە جێبەجێ دەکەین، ھەر گەڕەک و کۆڵانێک دەیانەوێت کارەبایان ھەبێت، نوسراو بکەن، ئاراستەی لیژنەی مۆلیدە ئەھلییەکانی دەکەین، تا کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا زیاد بکەن”.

قەزای شارەزوور دەکەوێتە باشووری خۆرھەڵاتی سلێمانی بە دووری 40 کیلۆمەتر، لە ناحیەی زەرایەن و چلوھەشت گوند پێکھاتووە، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە 80 ھەزار کەس دەبێت.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن