یەکەم لێدوانی مەزڵوم کۆبانێ دوای هێرشەکەی سلێمانی

964+

دوای دەنگۆی هەوڵی بە ئامانجگرتنی لە فڕۆکەخانەی سلێمانی لە لایەن درۆنێکی تورکییەوە، کەمێک پێش ئێستا مەزڵوم عەبدی هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەو رووداوە راگەیاند، بێ ئەوەی هیچ باسی بە ئامانجگرتنی خۆی بکات.

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە توویتەر نوسیویەتی ”بە توندی سەركۆنەی بەئامانجگرتنی فڕۆكەخانەی سلێمانی دەكەین لەلایەن توركیاوە، ئەم پێشێلكارییانە لە عێراق و سوریا بەردەوامن و رەهەندی مەترسیداریان دژی ناوچەكە هەیە”.

یەکەمین میدیای کوردی و عێراقی، کە هەواڵی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی بڵاوکردووە تۆڕی 964 بوو، لە سەرەتاوە بەرپرسانی فڕۆکەخانە و بەرپرسە ئەمنییەکان بوونی هەر هێرشێکیان رەتکردەوە، بەڵام دواتر لەلایەن ئاسایشی فرۆکەخانەو پارێزگارو بەرپرسانی تری شارەکەوە دانی پیادانرا.

تۆش بیبینە

هەر لە کاتی بەرزبوونەوەی دوکەڵەکە پەیامنێری 964 چووە نزیکی فڕۆکەخانە و پرسیاری کرد، چەند میوەفرۆشێک لەوێ بوون، هەندێکیان وتیان گوێیان لە دەنگی بەرز و ناڵە هەبووە، هەندێکیان رەتیانکردەوە.

لە ڤیدیۆکەی 964دا، دووکەڵ دەردەکەوێت لە نزیکی فڕۆکەخانەکەی سلێمانی، دوای سۆراغکردن نەتوانرا سەربەخۆ ساغبکرێتەوە، کە ئایا هۆکارەکەی چییە؟ بەڵام بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەکە پێی وتین ، ئاگاداری هیچ جۆرە تەقینەوە یان بۆردومانێک نییە.

دواتر پەیوەندیمان کرد بە سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، ئەویش باسی لەوە کرد کە ئاگادار نییە و “رەنگە گژوگیایان سووتاندبێت”.

بەڵام نزیکی بەربانگ، ئاسایشی سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە  و ئاماژەی بەوە کرد، “ئێوارەی 7.4.2023، كاتژمێر 4:18 خولەك، لە نزیك سیاجی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی تەقینەوەك روویدا، كە تێیدا هیچ زیانێكی گیانی و مادی نەبوو، تەقینەوەکە بووە هۆی ئاگركەوتنەوە، دەستبەجێ تیمەكانی بەرگری شارستانی فڕۆكەخانە گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و ئاگرەكەیان كۆنترۆڵ كرد”.

ئاسایش جۆر و هۆکار و چۆنێتی تەقینەوەکەی ئاشکرا نەکرد، بەڵام وتیان خەریکی لێکۆڵینەوەی زیاترن.

هەر دوێنێ شەو سەرچاوەیەکی ئەمنی قسە رۆشتوو لە سلێمانی بە 964ی وت ئەو هێرشەی کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی شارەکە “لەڕێی درۆنەوە بووە، بەنزیکەیی بۆمان ساغ بووەتەوە کە لەلایەن تورکیاوە ئەنجامدراوە”.

ئەو سەرچاوەیە کە دەستی دەگات بە زانیارییەکانی ناو فڕۆکەخانە باسی لەوە کرد هێرشەکە بۆ ناو پەرژینی فرۆکەخانە بووە و زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە، “وا تێدەگەین پەیام بێت”.

دەنگۆ هەبوو هێرشەکە هاوکات بووبێت لەگەڵ سەردانی مەزڵوم کۆبانی بۆ سلێمانی، بەڵام ئەو سەرچاوەیە کە سوور بوو لەسەر ئەوەی ناوی نەهێندرێت، ئەو زانیارییەی نە پشتڕاستکردەوە و نە رەتیکردەوە، وتی “ئەوە ئەگەر بەو شێوەیەش بێت ئێمە باسی ناکەین”.

هاوکات، سەرچاوەیەکی نزیک لە مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە 964ی وت  ئەوان سەلامەتن، بەبێ ئەوەی زانیاری زیاتر ئاشکرا بکات.

ئەو سەرچاوەیە زانیاری دیکەی نەدرکاند بەوەی ئایا مەزڵوم کۆبانی و ستافەکەی لە شاری سلێمانی بوون یان نا، تەنیا وتی “ئێمە سەلامەتین