بکوژەکە دەستگیر کرا

13 كه‌س به‌ هۆی رووداوه‌كه‌ی خه‌بات ده‌ستگیر كران

964+
سەعید محەمەد – خەبات

به‌هۆی رووداوه‌كه‌ی شه‌وی رابردووی قه‌زای خه‌بات، 13 كه‌س ده‌ستگیر كران، قایمقامی قه‌زاكه‌ش ئاشكرای ده‌كات، هه‌ر كه‌سێك تێوه‌گلابێت ده‌ستگیر ده‌كرێت.

شەوی رابردوو بەهۆی دەمەقاڵی لە نێوان دوو هاوڵاتی لەسەر کاری فرۆشتنی مۆبایل، شەڕ دروست بوو، دواتر تەشەنەی کرد و چەک بەکارهات، لە ئەنجامیشدا کەسێک کوژرا.

کوێستان ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەبات، تایبەت بە تۆڕی 964ی راگەیاند، بەهۆی ناکۆکی دوو هاوڵاتی کە مۆبایل دەفرۆشن لە بازاری خەبات، شەڕ دروست  بوو، بەهۆیەوە كه‌سێك کوژرا.

وتیشی: “دوای گەیشتنی هێزە ئەمنیەکان و پۆلیس توانرا رەوشەکە کۆنترۆل بکرێت و 13 کەس تا ئێستا دەستگیر کراون، کە یەکێک لەوان بکوژەکەیە، لێکۆلینەوەكانیش بەردەوامن”.

باسی لەوەش کرد، هەر کەسێک تێوەگلا بێت لە تێکدان و بێزارکردنی خەڵک بە تەقە و بەکارهێنانی چەک دەستگیر دەکرێن و رووبەرووی یاسا دەکرێنەوە.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا