قوتابخانەی کچەکەی مەلای گەورەی کۆیە ئێستا کەلاوەیە
964+
شلێر سەعید
ئێرە قوتابخانەکەی نەجیبە خانی کچی مەلای گەورەی کۆیەیە، ئەوەی سەدەیەک لەمەوبەر یەکەم کچ بووە کە هەموو رێچکە و دابونەریتەکانی شکاندووە و تێیدا دەستی بەخوێندن کردووە، بەڵام ئەم شوێنە ئێستا تەنیا کەلاوەیەکی وێرانەیە.
نەجیبە خان بە شێرە ژنی کۆیە ناسراوە لە هزر و نوسین و پەروەردە و خوێندەواریدا، وەک مەلای گەورەی باوکی بەردەوام سەرقاڵی نوسین بووە و چەند کتێبێکی چاپکراوە.
ئەگەرچی نەجیبە خان یەکەم کچ بووە خوێندبێتی، بەڵام بەر لە ئەو، زەینەب خانی خوشکی دڵداری شاعیر خوێندەوار بووە و لە بەغدا لە قوتابخانە بووە.
دڵدار جەلیزادە بە چەند پشتێک لە بنەماڵەی مەلای گەورەیە بۆ 964ی پشتڕاستکردەوە کە زەینەب بەر لەنەجیبە خوێندەوار بووە.
بەپێی گێڕانەوەکان، زەینەب لە 1900 و نەجیبە لە 1917 لەدایک بوون، یەکەمیان لە 1906 لە بەغدا چووەتە قوتابخانە و دووەمیان لە 1924 لە کۆیە و بۆ یەکەمجار شان بە شانی کوڕان چووەتە قوتابخانە.