وەرگرتنی غاز لە دهۆک بووەتە ناونووسین

964+
عەمار عەزیز- دهۆک

وه‌رگرتنی غاز له‌ دهۆك بووه‌ته‌ ناونووسین، نزیکەی هەفتەیەکە قەیرانی کەمی غاز لە سەنتەری دهۆکدا دروست بووه‌.

ئیبراهیم دیرگژنیکی، دانیشتووی گەڕەکی بەرۆشکییە، بە تۆڕی 964ی وت “دوێنێ ئێوارە غازمان نەما پەیوەندیم بەو شوفێرە کرد، كه‌ هەموو جار غاز بۆ گەڕه‌کی ئێمە دەهێنێت و وتی غاز نییە، ناوت دەنووسین چاوەریێ بکە دوو تا سێ رۆژ، ناچاربووم بوتڵێکی غازی بازرگانی لە بازاڕ به‌ 12 هەزار دینار بكڕم”.

“بەداخەوە ماوە ماوە ئەم قەیرانە دووبارە دەبێتەوە و دەیان ساڵە چارەسەر نەکراوە، کرینی بۆتڵێکی غاز بە 12 هەزار دینار بۆ خێزانێکی هەژار زۆرە، چونکە بەلایەنی کەمه‌وه‌ ئەگەر خێزانێک چوار بۆ پێنج کەس بن لە مانگێکدا پێویستیان بە دوو بوتڵی غاز دەبێت، بێهیوا بووینە لە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە”، ئیبراهیم دێرگژنیکی وای وت.

وەهبی محەمەد، شوفێری گواستنەوەی غازی ماڵانە لە کۆمپانیای غازی مزگین، بە تۆڕی 964ی وت، “نزیکەی هەفتەیەکە بەشی غازی دهۆک کەمکراوەتەوە، بەشی پێویست ناگاتە دهۆک، پێش ئەم قەیرانە رۆژانە 60 بۆ 70بۆتڵ غازم بار دەکرد، ئێستا کەمبووەتەوە بۆ 40 – 50 بوتڵ، کەمیی غاز نەک تەنیا لە گەڕەکێ نییه‌ و له‌ هه‌موو شاره‌كه‌دا بووه‌ته‌ كێشه‌”.

هه‌ر له‌ باره‌ی ئه‌م كێشه‌یه‌وه‌، عەبدولسەمەد تێلی، سەرۆکی لیژنەی سووتەمەنی لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک بە تۆڕی 964ی وت، “ئاگاداری ئەم بابەتەین، هۆکارەکە زیاتر بۆ خودی کۆمپانیا دەگەرێتەوە، کە بەداخەوە هەندێک جار بەشەغازی هاوڵاتیان لە بازار بە نرخی بازرگانی دەفرۆشنەوە، هۆکاری دووەمیش لیژنەکانی قایمقامیەت وەک پێویست بەدواداچوون بۆ ئەم کێشەیە ناکەن، بۆیە هەر ماوەماوە ئەم کێشەیە لە دهۆک دروست دەبێت”.

هه‌روه‌ها وتی، “رۆژانە 10 تانکەر غاز بۆ دهۆک دێت، کە نزیکەی 200 تۆن دەبێت، ئەگەر ئەم غازە تەنیا بدرێتە هاوڵاتیان بە نرخی 9 هەزار دینار، هیچ قەیرانێک دروست نابێت، ئێمە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار قسە دەکەین تا بە زووترین کات ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت”.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا