ئەو بازرگانەی ویستی خواردنی بەسەرچوو ساغبکاتەوە دەستگیرکرا
+964
میلاد جەلال_گەرمیان
پاش هەشت ڕۆژ لە دەستبەسەرداگرتنی کۆگایەکی خواردنی بەسەرچوو کە بەنیازبووە لە بازاڕدا بە بەرواری نوێ ساغیبکاتەوە، پۆلیس دەڵێت دوێنێ چوارشەممە دوو کەس لەسەر ئەو دۆسیەیە دەستگیرکران.
بەپێی زانیاریەکانی 964 خاوەنی کۆگاکە لە ڕۆژی دەستی بەسەرداگرتنی کۆگاکەی تا ئەمڕۆ لە سلێمانی بووە.
عەلی جەمال قەدوری وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە 964ی وت، دوو كەس لەسەر دۆسیەكە دەستگیركراون و پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە، بەفەرمانی دادوەر.
تۆڕی 964 دەزانێت جگە لەو دوو کەسە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دوو کەسیتر دەرچووە.
لە کۆمەڵگەی نوێی بازرگانی کەلار، لەلایەن لیژنەکانی قایمقامیەتی کەلار، لە کۆگایەکی خواردن 400 کارتۆن نەستەلە و چوکلێتی ماوەبەسەرچوو دەستی بەسەردا گیرا کە بە نیازبووە بەرواریان تازەبکاتەوە بە لەزگە و دووبارە بیانخاتە بازاڕەوە.
پێداچوونەوە: کوردستان ئەحمەد