دانیشتوانی گوندی کۆری قەرەبوو دەکرێنەوە

964+

كوردستان ئەحمەد – هەولێر

وەزارەتی شارەوانی دەڵێت، لە ئەمڕۆ دەست دەکەن بە قەرەبووکردنەوەی دانیشتووانی گەندی کۆری لە هەولێر، قەرەبووەکە پێدانی پارچە زەوییەکە لە نزیک گوندەکە.

گوندی کۆری زیاتر لە چوار هەزار ماڵی تێدایە، بە قسەی وەزارەت زەوییەکانیان بۆ تاپۆ دەکرێت و پارەی رسوماتیان لێ وەرناگیرێت.

كوردۆ شابان، وتەبێژی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزاری هەرێمی كوردستان بە 964+ وت، ئەمڕۆ فەرمان دەرچووە بۆ قەرەبووكردنەوەی دانیشتوانی گوندی كۆری و پێدانی پارچە زەوی پێیان لە نزیك گوندەکە.

هەروەها وتی، ئەوانەی فەرمانەکە دەیانگرێتەوە دەتوانن تانە بدەن لە شوێنی زەییەکانیان و داوای گۆڕین بکەن.

پێشتر لە گوندی كۆری چوار هەزار و ٢٠٠ پارچە زەوی بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشكرا و پاشان لێیان وەرگیرایەوە، دواتر وەك قەرەبویەك لە نزیك گوندی گەزنە پارچە زەوی درا بەو هاوڵاتیانە، بەڵام خاوەن زەویەكان قبوڵیان نەكرد و ناڕەزاییان دەربڕی و داوایانكرد لە نزیك گوندی كۆری زەویان پێبدرێت.

بەپێی بڕیارەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار ئەو هاوڵاتیانە  پێویستە سودمەند بن لە هەمان شوێنی خۆیان كە پێشتر بۆیان دیاریكرابوو، هەروەها لە هەموو باج و رسوماتێك ببەخشرێن كە لە نەخشەی گەزنە پارچە زەوییەكەیان بەناو كراوە، بەرانبەر دەستبەرداربوونیان لەو پارچە زەوییانە.

گوندی كۆری لە ساڵی ٢٠١٤  وەك هاوكارییەك بۆ كرێنشینان بڕیاری دروستكردنی درا بە هەماهەنگی لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیایەكی كۆریای باشور لە سه‌ر رووبه‌ری هه‌زار و ٥٩٢ دۆنم زەوی.

“گوندی كۆری لە ساڵی ٢٠١٤  وەك هاوكارییەك بۆ كرێنشینان بڕیاری دروستكردنی درا”

دوای ئەوەی بەشێک لەو خانووانە دابەشکران، بەڵام حکومەت بە بڕیارێک دابەشکردنی خانووەکانی دیکەی راگرت چونکە دەکەوتنە بەر پلانسازی شار و شەقامە نوێیەکان، بە قسەی لایەنە پەیوەندیدارەکان.