بەردێک لە ماوەت بووەتە جێگای سەرنجی شوێنەوارناسان
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
بەردە مێژوویەکەی قەزای ماوەت، پەرژینی بۆ کراوە و ئێستا بووەتە بەشێک لە مێژووی ناوچەکە، خەڵکی ناوچەکە لە باپیرانی خۆیان بیستویانەتەوە، پارچەیەک لەم بەردە لە ساڵی 1932 لە لایەن ئینگلیزەکان بردراوە و ساڵانێکی زۆریش بەردەکە کەوتووەتە ژێر گڵ و دیار نەماوە.
کامەران حەسەن قیمقامی ماوەت بۆ 964 دەڵێت، ساڵی 2021 بەردەکە دۆزرایەوە و لە رێگەی پارێزگاری سلێمانییەوە پەرژینی بۆ کراوە و پارێزراوە.
سەرۆکی بەشی شوێنەوار لە زانکۆی سلێمانیش دەڵێت، دوای دۆزینەوەی بەردەکەی ماوەت توێژینەوەیەکی زانستی لە سەر کردووە، ئەو ئەم بەردە بە یەکێک لە گرنگترین یادگارییە مێژوییەکانی ناوچەکە ناو دەبات.
شوێنەوارناسان دەڵێن، مێژووی بەردەکە بۆ پێنج سەدە لەمەوپێش دەگەڕێتەوە
گەرچی نوسراوەکەی سەر ئەو بەردە بە زمانی فارسییە، بەڵام چیرۆکی میرێکی دەسەڵاتداری کوردە بە ناوی “ئیسماعیل خان” کە دەسەڵاتی بە سەر بانە تا ماوەت بووە و لە سەردەمی پێش بابانییەکان ژیاوە .
پێداچوونەوە: توانا نەقی