"دوو مانگە موچەیان پێنەدراوە"

كارگوزارەكانی نەخۆشخانەی شەهید خالید دەركران

+964

هونەر فارس- کفری

کارگوزارەکانی نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی لە کفری، بەبۆنەی پێنەدانی موچەکانیانەوە نێردرانە ماڵەوە.

کارگوزارانی نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی ژمارەیان 21 کارمەندە و بەهۆی نوێ نەکردنەوەی گرێبەستی کۆمپانیاکەیانەوە موچەی دوو مانگیان وەرنەگرتوە.

گرێبەستی کۆمپانیاکە، لە بەرواری 31.1.2023  کۆتای پێهاتووە دوای ئەو بەروارە دوو مانگ مۆڵەتی کارکردنیان بۆ نوێکرایەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی تەندروستی گەرمیان ویستویەتی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای نوێ بکات، گرێبەستی کۆمپانیا کۆنەکەی نوێ نەکردووەتەوە، بەگوێرەی زانیاریەکانی 964.

لەوبارەیەوە سەمان سەرتیپ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە بۆ 964 وتی: لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گەرمیانەوە پێمان ڕاگەیەندرا کەگرێبەستی کۆمپانیاکە کۆتایی هاتوە و پارەکانیان بۆ سەرف ناکرێت، بۆیە دەبێت دەست لە کار هەڵگرتنیان بۆ بکەن.

لەبارەی دۆخی ژینگەیی نەخۆشخانەکە دوای نەمانی کارگوزارەکانی وتی: گەر هەفتەیەکی دیکە بەم شێوە بەردەوام بێت لەبەر پیسوپۆخڵی، نەخۆش ناتوانێ سەردانی نەخۆشخانەکە بکات.

“گرفتەکانی تەندروستی گەرمیان زۆرن و نوێنەکردنەوەی گرێبەستی کۆمپانیای پاککەرەوە تەنیا مشتێک لە خەروارێکی گرفتەکانن”.

پێداچوونەوە: کوردستان ئەحمەد