کوڕێکی گیانی لەدەستداوە و خۆیی و کوڕێکی دیکەی لە چاودێری چڕدان

964+

مریەم ئەحمەد

محەمەد ماوەی هەشت رۆژە بەمجۆرە لە سەر تەختی نەخۆشخانە کەوتووە، تەمەنی 12 ساڵە و بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە بڕبڕەی پشتی شكاوە، نەشتەرگەرییەکی بۆ كراوە و پێویستی بە نەشتەرگەری دووەمە، بەڵام بەهۆی لاوازی گورچیلەکانی پزیشکەکان نەشتەرگەرییەکەیان دواخستووە.

محەمەد لەگەڵ باوک و برا گەورەکەی لە رێگای گوندی دۆڵەبەکرەی نزیک بە هەولێر تووشی رووداوەکە هاتن.

کامەرانی تەمەن 48 ساڵ، باوکی محەمەد و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بووە، ئەو زیاتر لە یەک هەفتەیە لەژێر چاودێری چڕدایە و بێهۆشە، پزیشکەکانی دەڵێن تەندروستی بەرەو باشتربوون چووە.

رۆژی 26ی ئادار، باوکێک و دوو کوڕەکەی بۆ چارەسەری نەخۆشی بەرەو نەخۆشخانەیەکی هەولێر دەچوون، بەڵام لە رێگادا لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی دیکە تووشی رووداوی سەختی هاتوچۆ دەبن و بەهۆیەوە کاوانی تەمەن 17 ساڵ گیانی لەدەستدەدات و محەمەد و باوکیشی بێ هەواڵ لە مەرگی کاوان لەژێر چاودێری پزیشکیدان.

964 دەزانێت شۆفێری ئۆتۆمبێلی بەرامبەر حاڵی باشە و لەژێر لێکۆڵینەوەی پۆلیسدایە.