لە كوردستان هەر مۆدێلێكی تەسبیحت دەوێت دەستدەكەوێت

لە رەمەزاندا تەسبیحی 101 دەنکی خواستی لەسەرە

+964
شۆڕش هەرکی – هەولێر

زانا هەرتەلی، کاسبکارێکە لەناو بازاڕی شێخەڵای هەولێر کە چەندین ساڵە خەریکی تەسبێح فرۆشتنە و دەڵێت: لە رەمەزاندا تەسبێحی 101 دەنکی بازاڕی باشە.

ئەو جۆرەکانی تەسبیحم نیشاندەدات و باسی زۆربەیانم بۆ دەکات و دەڵێت: گەرچی خەڵك کەمتر دێنە بازاڕ، بەڵام تەسبێحی 101 دەنکی فرۆشی لە رەمەزان زیاترە.

تەسبێح بە هەموو جۆر و مۆدێلەکانی، لە ناو کوردەواری بە تێڕوانینی هەر کەسێک هێما و پێناسەیەی خۆی هەیە.

تەسبیح، لە كۆمەڵگەدا گرنگیەكی گەورەی هەیە، لەرووی كۆمەڵایەتیەوە، زۆربەی خەڵك گرنگی پێدەدەن و لە پرسەكاندا بەكاری دەهێنن و زۆر كەسیش وەك جوانی لەگەڵ جلوبەرگی كوردی بەكاریدەهێنن.