پاڵەوانی شناوکردن
دوای سێ ساڵ شەهادەکەی گینسی بەدەست گەیشت
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
ئەگەرچی گەنجێکی پارێزگای دهۆک لە ساڵی 2020 توانیویەتی ریکۆردی زۆرترین ژمارەی شناو بشکێنێت، بەڵام دوای سێ ساڵ شەهادەکەی بۆ هاتەوە و ناوی چووە کتێبی گینسەوە.
گەنجەکە ناوی جەرجیس رەشیدە و بە قسەی خۆی لە ئیمارات و قەتەر توانیویەتی ریکۆردی شناوکردن بشکێنێت.
جەرجیس بە 964ی وت، “لە ئیمارات و قەتەر دوو هەزار و 502 شناوم کرد لە یەک کاتژمێردا کە لەسەر لەپی دەستم بووم و 20 کیلۆگرام قورساییش لەسەر پشتم بوو، هەروەها 54 شناوم کرد لەسەر پشتی دەستم و لەسەر یەک قاچ، کە 20 کیلۆگرام لەسەر پشتم بوو تەنیا لە یەک خولەکدا”.
ئەو لەبارەی دواکەوتنی شەهادەکەیەوە باسی لەوە کرد، “هیچ کاتێک دامەزراوەی کتێبی گینس بەخێرایی شەهادە نانێرێت بۆ ئەو کەسانەی ریکۆرد دەشکێنن چونکە رێکاری تایبەت دەگیرێتەبەر وەکو ریکۆردی ڤیدیۆ، راستکردنەوەی زانیاری دووبارە، بەڵکو تەنیا کاتێک راستەوخۆ شەهادە دەدرێت کە لیژنەی تایبەتی دامەزراوەکە لەو وڵاتە حازر بێت”.
بە سۆراغی 964 زۆرترین شناوکردن لە کتێبی گینسدا بە ناوی مینۆرو یۆشیدایە کە یاریزانێکی ژاپۆنیە بە 10 هەزار و 507 شناو، لە ساڵی 1977 تۆمارکراوە.
بەڵام ریکۆردەکەی جەرجیس لە کردنی 54 شناوە لە ماوەی تەنیا یەک خولەکدا، کە لەسەر پەنجەی کردوویەتی و 20 کیلۆگرام قورسایی هەبووە لەسەر پشتی، هەروەها 44 شناو لەسەر پەنجە بە قورسایی 30 کیلۆگرام.
ئەو گەنجە دڵخۆشی خۆی دەربڕی کە توانیویەتی ناوی خۆی و پارێزگای دهۆک بخاتە کتێبی گینسەوە، دەشڵێت، ئەمجارە لە زاخۆ ریکۆردی نوێی شناو دەشکێنێت بۆ ئەوەی ناوی ئەو قەزایەش بخاتە کتێبی گینسەوە.