لە کەلار

كەمپینی “گۆشت مەخۆن تا هەرزان دەبێت” راگەیەنرا

964+

هونەر فارس – كەلار

بایکۆتی گۆشت نەکڕین تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی گرتەوە و قەسابێکیش دەڵێت ناکرێت خەڵك  گۆشت نەخوات.

بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکاندا بەشێک لە هاوڵاتیانی نیگەران کردووە، بەو هۆیەوە لە کەلار هەڵمەتی نەکڕینی گۆشتیان لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان راگەیاندووە.

964 دەزانێت، هەڵمەتەکە زیاد لە دوو هەفتەیە بەردەوامە و هاوڵاتیانی بەشێک لە شار و شارۆچکەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایانگەیاندووە، وادەکەن تا ئەوکاتەی خەڵک خۆی لە کڕینی گۆشت بەدوور بگێرت تا ئەوکاتەی نرخەکەی دادەبەزێت.

زەردەشت دەربەندیخانی، یەکێک لەو چالاکوانانەیە کە بایکۆتی کڕینی گۆشتی سووری کردووە، پێیوایە گەر هەڵمەتەکە بەرفراوان بێت دەتوانێت فشار بۆ دابەزینی نرخی گۆشت بکات.

“ئامانج لە هەڵمەتەکە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی چینی هەژارانە”. بەوتەی ئەو چالاکوانە بۆ 964.

حاجی عومەریش قەسابێکی ناحیەی رزگاریە، هۆکاری گرانی نرخی گۆشتی سوور بۆ کەمی بەرهەمی ناوخۆ دەگەڕێنێتەوە.

سەبارەت بە کاریگەری بایکۆتەکەش قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: خەڵک خۆی پێناگیرێت بەم رەمەزانە گۆشت نەخوات.

ماوەیەکە نرخی گۆشت لەچاو پێشتردا بەرزبوونەوەی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و بەجۆرێک هەر کیلۆیەک گۆشتی نەرمەی ئاژەڵی بچووک لە 20 هەزار دینارەوە بەسەرەوەیە و بە ئیێسقانیش بە 15 هەزارە.

پێداچوونەوە: کوردستان ئەحمەد