دزی دەربەن بوونەتە دێوەزمەی مەنهۆڵەکان

964+

هونەر فارس – کەلار

مەنهۆڵ دزین لە دەربەندیخان بوەتە دیاردە و تەنیا ساڵی پار 110 سەرەمەنهۆڵ لە قەزاکە دزراوە، بەوتەی سەرۆکی شارەوانی.

ماوەی سێ ساڵە دیاردەی سەرەمەنهۆڵ دزین لە قەزای دەربەندیخان بەردەوامە و زیاتر دزییەکان لە گەڕەکە چەپەکاندا دەکرێت.

عوسمان عەبدوڵا، سەرۆکی شارەوانی دەربەندیخان، بە 964ی ڕاگەیاند: ساڵی پار بەهۆی دزینی سەرەمەنهۆڵەوە دوو هاوڵاتی حوکمدراون کەچی هێشتا دیاردەی نەمانی سەرەمەنهۆڵ بەردەوامە.

مەنهۆڵێک لەکاتی دروستکردندا نزیکەی 450 هەزاری تێدەچێت و سەرە مەنهۆڵێکیش بۆ شارەوانی نزیکەی 70 هەزار تێچووی هەیە، کەچی دزەکان بە نرخی ئاسن دەیفرۆشن و قیمەتەکەی هەر 10 هەزارێکە بۆ ئەوان، بەقسەی سەرۆکی شارەوانی.

ئەو گەڕەکانەی سەرەمەنهۆڵەکانیان دەدزرێت زیاتر گەڕەکە چەپەکانن و کەمتر کامێرەی چاودێری لەو جێگایانەدا بوونی هەیە.