بۆ پاراستنی بەرهەمەکانی لە سەرماوسۆڵە زۆپای بۆ داگیرساندوون
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
جوتیارێک لە سنوری قەزای ئامێدی بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفرەی رووی لەو ناوچەیە کردووە و دابەزینی پلەکانی گەرما زۆپای بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی داناوە تا سەرما خراپیان نەکات.
عەبدولخالق هلوری، جوتیارێکی گوندی باڵندایە بە توڕی 964ی وت، “چەند رۆژێکە شەپوڵێکی باران و سەرما سنوری پارێزگای دهۆک گرتووەتەوە، راستە ئەم بارانە بۆ بەرهەمەکانی چاندن بەتایبەت گەنم باشە، بەڵام لە هەمانکاتدا ئەو سەرمایەی ئێستا کاریگەری خراپ دەکاتە سەر چەند بەرهەمێکی کشتوکاڵی”.
دەشڵیت، “بۆ پاراستنی شەتڵەکانم لەم شەپۆلە سەرمایە چەند زۆپایەکم داناوە تا سەرما کاریگەری خراپی لەسەریان نەبێت، ئەگەر ئەوە نەکەم ڕەنگە تا بەیانی هەموویان لەناوبچن”.
لە شەوی رابردووەوە، شەپۆلێکی بەفربارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و سەرەتا پارێزگای دهۆک و دواتر هەولێر و سلێمانیشی گرتەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی