چەندین خەڵاتی جیهانیان بەدەستهێناوە پێشتر
هەوار و نەژاد دیسان یەكەم بوون
964+
كوردستان ئەحمەد – هەولێر
گروپی شانۆیی هەوار، بە شانۆگەری (کورسییەکان) بەشداریکرد لە فێستیڤاڵی شانۆی عێراقی و چەند خەڵاتێكی بردەوە.
خولی شەشەمی فێستیڤاڵەکە لە شاری بەغدا، بە بەشداری 14 شاری عێراق و کوردستان بۆ ماوەی پێنچ ڕۆژ بەردەوام بوو.
هەرێمی كوردستان بە سێ نمایش بەشداربوو لە 10 خەڵات، کورد بووە خاوەنی پێنچ خەڵات.
گروپی شانۆیی هەوار، دوو خەڵاتی گرنگی فێستیڤاڵی لەلایەن دادوەرانی پسپۆڕ و دکتۆرای شانۆیی بەدەستهێنا .
باشترین ئەکتەری کچ بۆ هەوار فارس و باشترین دێزاینی دیکۆر بۆ نەژاد نەجم بوو.
هەردوو هونەرمەند و شانۆكار بۆ دوو خەڵاتی دیكە كاندید بوون، بەڵام بەدەستیان نەهێنا.
شانۆیی کورسییەکان، بۆ ماوەی پێنچ ساڵە بەردەوامە، لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتی و نێوخۆییەکان لە هەریەکە لە وڵاتەکانی ئێران، تورکیا و ئوردن 19 جار نمایشکراوە.
نەژاد نەجم، بە 964ی راگەیاند: ”خەڵاتەكان بۆ ئێمە گرنگن، گروپەكەمان هەرچەندە هیچ پشتگیرییەكی گەورەی نییە، بەڵام توانیومانە لەسەر پێی خۆمان بوەستین”.
گروپی شانۆی هەوار لە چەندین شانۆیی لە عێراق و هەرێمی كوردستان، ئیران، توركیا، سوریا، عومان و ئەردەن و چەندین وڵاتی دیكە بەشدارییان كردووە و چەندین جار پلە و خەڵاتی یەكەم و دووەم وسێیەمیان بەدەستهێناوە.