شۆفێرێك به‌ ده‌م خه‌وه‌وه‌ خه‌ریك بوو كاره‌سات بنێته‌وه‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

ئه‌م به‌یانییه‌ شۆفێرێكی تاكسی له‌ نزیك نه‌خۆشخانه‌ی رزگاری له‌ هه‌ولێر كۆنتڕۆڵی خۆی له‌ ده‌ست دا و خه‌ریك بوو كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی لێ بكه‌وێته‌وه‌.

“کاتژمێر7ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە دەروازەی ئەندەرپاسی نه‌خۆشخانه‌ی رزگاری، تاکسیەکی کۆرۆلا بەهۆی خەوتنی شوفێرەکەیه‌وه‌ لە کاتی لێخوڕین، کۆنترۆڵی لەدەست دا و خۆی کێشا بە ئوتومبێلێکی رینۆ، کە لە لای راستی شەقامەکە لە شوێنێکی یاسایی پارکی کردبوو، لە دواییشدا هه‌ر به‌ هۆی له‌ده‌ستدانی کۆنترۆڵ بەرەو لای چەپی شەقامه‌كه‌ رۆیشت  و بەسەر ناوبڕەی شەقامه‌كه‌ کەوت و چووە دیوەکەی دیكه‌ی شەقامه‌كه‌ و ئینجا وەستا”، ئه‌مه‌ به‌ گوێره‌ی ئه‌و زانیاری و وێنانه‌ی فازڵ حاجی، وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی هاتوچۆی هه‌ولێر له‌ فه‌یسبووكی خۆی دایناوه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌، لە ئەنجامی رووداوەکە زیانێکی زۆری مادی کەوتەوە، بەڵام زیانی گیانی نەبوو، تكا له‌ شۆفێرانیش ده‌كات به‌ خه‌واڵویی و هیلاكییه‌وه‌ ئۆتۆمبێل لێنه‌خوڕن.