ئایا رۆژوو بەجوینی خورما و بنێشت دەشکێت؟

964+

ئاودێر عومەر – سلێمانی

تاوەکو ئێستا چەند پرسێک هەیە پەیوەند بە رۆژووی مانگی رەمەزان مشتومڕی لەسەرە، لەوانە بنێشت جوین، بەڵام ئێستا بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی باس لە جوینی خورماش دەکرێت.

دکتۆر محەمەد پێنجوێنی، سەرۆکی لیژنەی فتوای سلێمانی بە 964ـی وت، سەبارەت بەقسەی ھەندێک لە مامۆستایانی ئایینی کە دەڵێن، گوایە خورما جوین و بنێشت جوین رۆژوو بەتاڵ ناکەنەوە، ئەوە راست نییە.

“خورما و بنێشت رۆژوو بەتاڵ دەکاتەوە، چونکە ھەر شتێک تامی ھەبوو دەبێتە ھۆی رۆژوو بەتاڵکردنەوە”. دکتۆر محەمەد وادەڵێت، ئەوەشی خستەڕوو کە تەنیا رێگە بە خانمان دراوە لەکاتی خواردن دروستکردندا تامی خواردن بە زمان بکەن و تفی بکەنەوە و خواردنەکە نەچێتە گەروویانەوە، بەڵام خورما جوین ئاشکرایە تامەکەی دەچێتە گەرووتەوە کەواتە ئەمە رۆژی پێدەشکێت.

زیاتر وتیشی “ھەر بنێشتێک ئەگەر شیرین بێت یان تامی ھەبێت رۆژوو دەشکێنێت، بەڵام بنێشتی کوردی لەبەر ئەوەی تامی نییە تەنھا رەگێکی تاڵی ھەیە ئەگەر ئەو تامە تاڵە تف بکاتەوە رۆژووەکەی بەتاڵ نابێتەوە بەو مەرجەی ئەو کەسە عوزرێکی ھەبێت یان بەھۆی کێشەی تەندروستییەوە پزیشک رێگەی پێدابێت”.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق