964+
لیژنەی فەتوا: سوێندخواردن بە قورئان لە ریکلامدا شەرعی نییە
964+
فەهمی نەبی
سوێند خواردن بە قورئان لە ریکلامی بەشێکی پەیجەکانی سۆشیال میدیا بۆتە دیاردە، لیژنەی فەتوا ئەم کارە بە ناشەرعی تەواو دەزانێت و وەزارەتی رۆشنبیری هیچ رێنماییەک و یاسایەکی بۆ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی هێما ئاینیەکان نییە.
لەبەشێکی پەیجەکانی سۆشیال میدیا، لەگەڵ ریکلامکردن بۆ کاڵاکەیەک کەسی خاوەن کاڵاکە دەست دەخاتە سەر قورئان سوێند دەخوات کە کاڵاکەی ئەسڵیە و بێ گرفتە، 964 بەدواداچوونی بۆ ئەم بابەتە کرد.
حەسەن پشدەری، بڕیاردەری ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم بە 964ی وت “ئەم جۆرە سوێندخوارنە دەچێتە خانەی درۆوە، لەڕووی شەرعیەوە بەهیچ شێوەیەک دروست نییە و سوێندخواردن بە قورئان بۆ بازرگانی گوناهێکی گەورەیە”.
بڕیاردەری لیژنەی فەتوا ئەوەش دەڵێت: پێغەمبەر (د.خ) حەدیسی هەیە لەوبارەیەوە کە دەفەرموێت بەرەکەت لەو پارەیە نامێنێت کە سوێندی بە درۆی لێ دەخورێت، جگە لەوە هەڵخەڵەتاندنی کڕیارە، دەیەوێت لەپەنای قورئان ئەو قەناعەتە لای خەڵک دروست بکات.
زاهیر حەمەدەمین، کە دکتۆرای لە ریکلام هەیە، بۆ 964 قسەیکرد وتی ” بەکارهێنانی پیرۆزی و هێما ئاینیەکان لە زانستی ریکلام هەرگیز رێگەپێدراو نییە چونکە، خەڵک بەشیوەیەک ئاراستە دەکات کە کاریگەری لەسەر سۆزیان دەکات وەک هاندان بۆ رەفتاری کڕین”.
ئەو دکتۆرەی بواری ریکلام ئەوەشی وت “مەرج نییە هەموو ئەوانەی بەکاربەری ئەو کاڵایەن موسوڵمان بن، بۆیە ناکرێت هێمای ئاینێکی دیاریکراو بەکاربێت”.
964 چەند جارێک هەوڵیدا قسە لەگەڵ ئەو کەسانە بکات کە سوێندخواردن بە قورئان لە ریکلام بەکاردێنن، بەڵام هیچیان ئامادە نەبوون قسە بکەن.
یاسای رێکخستنی ریکلامی بازرگانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق، وەک یاسای ژمارە 4 لە ساڵی 2019 دەرچووە، لە هیچ یەک لە مادەکانی ئەو یاسایە ئاماژە بە سزای بەکارهێنانی هێما ئاینیەکان نەدراوە.
تەنیا وەزارەتی رۆشنبیری لە ساڵی 2021 بەپێی یاسای مافی دانەر و مافە هاوسێکانی، بڕیاریدا کە نابێت لە ریکلامدا گۆرانی و ئاوازی فۆلکلۆری بەکاربێت.