16 ساڵە قەزایە
بەردەڕەش 12 فەرمانگەی خزمەتگوزاری تێدا نییە
964+
زەید کۆچەر – بەردەرەش
بەردەڕەش لەگەڵ ئەوەی 16 ساڵە کراوە بە قەزا، بەڵام هێشتا 12 فەرمانگەی خزمەتگوزاری تێیدا نەکراونەتەوە. قایمقامی قەزایەکە دەڵێت، چەندین نووسراومان ئاراستەی پارێزگای دهۆک کردووە، هیوادارین بگاتە ئەنجومەنی وەزیران.
لە بەدواداچوونێکی 964 دەرکەوتووە لەگەڵ ئەوەی بەردەڕەش لە ساڵی 2007 کراوە بە قەزا، بەڵام هێشتا چەندین فەرمانگەی خزمەتگوزاری هەیە کە دەبێت لە هەموو قەزایەکدا هەبێت، ئەو لە بەردەڕەش نییە.
ئەو فەرمانگانەی کە دەبێت لە قەزای بەردەڕەش هەبن، بەڕێوبەرایەتی پاراستنی رێگاوبان، بەڕێوبەرایەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون، هۆبەی ئاوی ژێر زەوی، فەرمانگەی شوێنەوار، فەرمانگەی گەشتوگوزار، بەڕێوبەرایەتی گەنجینە، فەرمانگەی باج، فەرمانگەی خانەنشینی، فەرمانگەی چاودێری کۆمەلایەتی، فەرمانگەی ئاودێری و بەنداو، فەرمانگەی شەهیدان و ئەنفالکراوان، بنکەی پسوولەی خۆراک.
دانیشتووانی سنووری قەزایەکە کە زیاتر لە 150 هەزار کەس دەبن، پێیانوایە بەردەڕەش پشتگوێخراوە، جگە لەوە هۆکارێکی دیکە نابینن کە وابکات 16 ساڵ بێت ئەو فەرمانگانە نەکرێنەوە،
ئیسماعیل مستەفا رەشید، قایمقامی قەزای بەردەرەش لەسەر نەبوونی ئەو فەرمانگانە قسەی بۆ 964 کردووە و ئاماژە بەوە دەکات کە چەندینجار نووسراویان بۆ پارێزگای دهۆک کردووە، بەڵام تا ئێستا وەڵامی نەبووە.
ئەو دەڵێت: بەم هیوایەین نوسراوەکانمان بگەیەندرێتە ئەنجومەنی وەزیران و موافەقەیان لەسەر بدرێت.
دەشڵێت: تائێستا ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر کردنەوەی فەرمانگەی باج و دەرامەت و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و وەبەرهێنان داوە.
هەموو ئەو فەرمانگانەی کە لە بەردەڕەش نین، لە قەزای ئاکرێ هەیە و ئەوانەی سەرپەرشتی فەرمانگەکانی بەردەڕەش دەکەن لەوێ دەوام دەکەن، بەهۆی ئەوەی پێشتر بەردەڕەش وەک ناحیەیەک سەر بە قەزای ئاکرێ بوو.
شمعون شلیمون ئيشو، جێگری پارێزگاری دهۆک بۆ کاری ئیداری بە 964ـی وت، کردنەوەی ئەو فەرمانگانە پێویستی بە دامەزراندنی چەندان کەس هەیە، وەک پارێزگای دهۆکیش ناتوانین هیچ کەسێک بە گرێبەستیش دامەزرێنین تەنانەت بۆ یەک ساڵیش.
زیاتر وتیشی “ئەم بابەتە قورسە، لە رووی دارایی و نەبوونی دەرفەتی دامەزراندن و نەبوونی بودجە، بۆیە ئەم پرسە لای ئەنجومەنی وەزیران دەمێنێتەوە، بە بڕوای من تا کێشەی بودجە چارەسەر نەکرێت مەحاڵە ئەم فەرمانگانە لە قەزای بەردەڕەش بکرێنەوە”.
بەردەڕەش، ساڵی 2007 کراوە بە قەزایە، نزیکەی 160 هەزار کەس تێدا نیشتەجێیە و رۆڤیا، کەلەک و دارەتوو، سێ ناحیەن سەر بە قەزاکەن لەگەڵ 106 گوندی ناوچەکە.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق