خوێندنی باڵا: بڕیارمان لەسەر دەرماڵەی ئەمساڵ نەداوە
میدیازان – مەجید بتوێنی – راپەڕین
ئەگەرچی گردبوونەوەی خوێندکارانی زانکۆ بۆ خەرجکردنی دەرماڵە بەردەوامە، بەڵام وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، هێشتا بڕیاریان لەو بارەیەوە نەداوە.
ئەمڕۆ شەممە، خوێندکارانی زانکۆی راپەڕین گردبوونەوە و جەختیان لەسەر داواکارییەکانیان کردەوە، یەکەم خەرجکردنی دەرماڵە و دووەمیان کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی ئێوارانە.
هەفتەی رابردووش، خوێندکارانی زانکۆی گەرمیان و هەڵەبجە بە هەمان مەبەست چەند جارێک گردبوونەوە.
میدیازان قسەی کرد لەگەڵ عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەو رەتیکردەوە هیچ بڕیارێک لەبارەی دەرماڵەی ئەمساڵ درابێت.
بە دیاریکراوی وتی، “تاوەکو ئێستا لەبارەی خەرجکردنی دەرماڵەی ئەمساڵ بڕیارمان نەوە”، ئاشکرای نەکرد بە نیازی چین لە داهاتوودا.
بە پاساوی خراپی دۆخی دارایی و وەستانی بودجەی هەرێم لە بەغدا و دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعش، نزیکەی شەش ساڵ پێدانی دەرماڵە راگیرا، بەڵام لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ بە فشاری خوێندکاران جارێکی دیکە دەستیپێکردەوە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی خوێندنی باڵا، نزیكەی ١٣٠ هەزار خوێندكار لە وەرگرتنی ئەو پاڵپشتییە داراییە سوودمەند دەبن و مانگانە نزیکەی شەش ملیار دیناریان پێویستە