سزای ماددی بۆ دیاریکراوە

شەڕە سەگ و پەلەوەر قەدەغە کرا

964+

یاسای پاراستنی مافی ئاژەڵان لە هەرێمی کوردستان کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەمەودوا سازدانی شەڕ لەنێوان ئاژەڵێک و ئاژەڵێکی دیکە یان پەلەوەر و پەلەوەرێکی دیکە قەدەغەیە و سزای ماددی بۆ دانراوە.

وەزارەتی دادی حکومەتی ھەرێم، رۆژی 19.3.2023 ژمارە 299ـی رۆژنامەی وەقایعی کوردستانی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، هەرکەسێک دوو ئاژەڵ یان دوو پەلەوەر بدات بەشەڕدا بە مەبەستی کوشتن یان زیانگەیاندن پێیان، ئەوا سزادەدرێت بەپێبژاردنێک کە لە 250 هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە یەک ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.

“ئەگەر سەرپێچیکار پیشەی کڕین و فرۆشتن و مامەڵەپێکردنی ئاژەڵان بێت، سزای پێبژاردنەکەی دەبێتە دوو هێندە،” بەپێی نوسراوی یاساکە.

یاسای پاراستنی مافی ئاژەڵان لە بەرواری 29.11.2022 بە دەنگی 71 پەرلەمانی پەسەند کرا، کە لە 24 ماددە پێکهاتووە و لەلایەن رێکـخراوی سروشتی کورستانەوە پێشکەشکرابوو.

لەدوای پەسەندکردنی لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، یاساکە بەرواری 2.3.2023 لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوکرایەوە.