عەلی زەیدی لە واشنتۆن:
“عێراق هاوبەشی راستەقینەی دەوێت نەک بەڵێندەر”
فەرهاد حەسەن
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، ولاتەکەی بەدوای هاوبەشی راستەقینەدا دەگەڕێت، نەک تەنیا بەڵێندەر بۆ جێبەجێکردن.
بە پێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی لە واشنتۆنی پایتەخت ژووری بازرگانی ئەمریکا کۆنفرانسێکی گەورەی بازرگانی بۆ رێزگرتن لە سەرۆک وەزیران رێکخست و لە وتەیەکدا جەختی لەسەر بەهێزیی هاوبەشی ئابووری نێوان هەردوو وڵات کردەوە و رایگەیاند کە عێراق دەرگای بۆ وەبەرهێنانی گەورە واڵا کردووە.
لە کۆنفرانسەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە پیاوانی کار، نوێنەرانی کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکا، بانکەکان، دامەزراوەکانی دارایی و کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا و پیشەسازی بەشدار بوون.
عەلی زەیدی، ئاماژەی بەوەکرد کە حکومەتەکەی بایەخێکی زۆر بە دیالۆگ لەگەڵ ژووری بازرگانی ئەمریکا دەدات، چونکە ناوەندێکی گرنگی بڕیاری ئابوورییە، وتیشی “ئابووری عێراق ئەمڕۆ بەدوای هاوبەشی راستەقینەدا دەگەڕێت لە گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەدا، نەک تەنیا بەڵێندەرایەتی بۆ جێبەجێکردن یاخود دابینکردنی کەلوپەل.”
ئەوەشی ئاشکرا کرد، کە ئامانجی سەرەکی حکومەتەکەی ئەوەیە سەروەت و سامانە سروشتی و کانزاییەکانی عێراق بگۆڕێت بۆ دەرفەتی کار، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی خۆشگوزەرانی و پاڵپشتیکردنی گەشەی ئابووری.
هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، نوێنەرانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان ئامادەیی خۆیان بۆ هاوبەشییەکی کارا لەگەڵ عێراق دەربڕیوە و ئاماژەیان بەوە کرد کە هەنگاوە روونەکانی حکومەتی عێراق لە بواری چاکسازیی دارایی، بانکی و دامەزراوەیی، ژینگەیەکی لەبار و کراوەی بۆ وەبەرهێنانی کۆمپانیا جیهانییەکان رەخساندووە، کە هاندەرە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی گەورە لە عێراقدا.