لە ئاکرێ
تیمێکی تورکی یاریە ئاگرینەکانی ئەمڕۆی بەڕێوە دەبرد
964+
فەهمی نەبی
ساڵانە ئاکرێ بەشێوەیەکی جیاواز یادی نەورۆز بەڕێوە دەبات، بۆ یارییە ئاگرینەکان سەرپەرشتیاری چالاکیەکانی نەورۆزی ئاکرێ دەڵێت خۆمان کەسانی شارەزامان نیە لەو یاریە ئاگرینانە شارەزا بێت، بۆیە کۆمپانیایەک کەسانی پسپۆڕی لە تورکیا هێناوە.
دڵشاد ئاکرەیی، بەڕێوەبەری رۆشنبیری ئاکرێ و سەرپەرشتیاری ڤیستیڤاڵی نەورۆز بۆ 964 قسەیکرد وتی “ئێمە کەسانی شارەزای تایبەت بە یاریە ئاگرینەکانمان نییە، کۆمپانیایەک ئەو یاریە ئاگرینانەی هێناوە و کەسانی پسپۆڕی تورکیان لەگەڵە، ئەو یارییە ئاگرینانە لەناوچەکە نمونەی کەم بوو، بەڵام نازانین ئەوان چەند دانەیان تەقاندووە، ناشزانین بڕی چەند تێچووی هەبووە”.
بە وتەی بەرپرسانی سەرپەرشتیاری ڤیستیڤاڵی ئاکرێ، بۆ ئەمساڵ یەکەمجارە لەسەر ئاستی عێراق روناکی لیزەری 3D بەکارهاتووە، لەگەڵ ئەوەدا 2723 کەتیرەی ئاگر بەکارهاتووە وەک ئاماژە بۆ سەری ساڵی کوردی، هاوکات 3500 مەشخەڵی ئاگری بەکارهاتووە.
مێژووی یارییە ئاگریینەکان بۆ ساڵی 960 دەگەڕێتەوە، بەدیاریکراوی بۆ سەردەمی شانشینی سۆنگ لەچین، ئەو وڵاتە بەدرێژایی نزیکەی هەزار ساڵ لەپێشەوەی هەناردەکارانی یارییە ئاگرینەکانە بۆ هەموو وڵاتانی جیهان.
سەرچاوە مێژوویەکان دەنوسن، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا لقی درەختی بامبۆ لە ئاگر سوتێنراوە دواتر ئاگرەکەی بەرزبۆتەوە، لە قۆناغی دواتردا لە پێکهاتەی کیمیایی وەک باروتی کەم نیترات ئەو تەقەمەنیە دروستکرا تا رەنگ و دەنگەکەی شێوەیەکی جیاواز دروست بکات.
چین یەکەم وڵاتی بەرهەمهێنەری یارییە ئاگرینەکانە و یەکەم وڵاتیشە لەساڵی 1986 بەکارهێنانی ئەو یارییە ئاگرینانەی لەچەند شارێک قەدەغە کرد.