چوارەمیشیان هەڵاتووە
لە سێ گوندی سلێمانی سێ کەس لەسەر داربڕین و بیرلێدان دەستگیرکران
فەرهاد حەسەن
پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بڵاویکردەوە، بە تۆمەتی بڕینی داری سروشتی و هەڵکەندنی بیری نایاسایی سێ هاوڵاتیان لە دوو گوندی سنوورەکەیان دەستگیر کردوە، دەشڵێت، کەسێکی دیکەش دارێکی بەتەمەنی بڕیوەتەوە چونکە مێشی تێدابووە بەڵام هەڵاتووە و دەستگیر نەکراوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی پۆلیس، دوای وەرگرتنی هەواڵ و زانیاری لە چەند رۆژی رابردوودا مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی مێرگەپان سێ چالاکی جیاوازیان ئەنجامدا کە دەرچوون بۆ سنورەکانی مێرگەپان و هەردوو گوندی کۆتەڵ و کانیخان.
لەسنوری مێرگەپان کەسێکیان بە تۆمەتی بڕینی داری سروشتی دەستگیرکردووە کە هەستاوە بەبڕینی نۆ داری بەڕوو کە تەمەنی دارەکان لەنێوان 20 بۆ 25 ساڵ دەبێت.
لە سنوری گوندی کۆتەڵیش، بەهەمانشێوە کەسێک لەسەر بڕینی 40 داری بەڕوو دەستگیرکراوە کە تەمەنی دارەکان لەنێوان 20 بۆ 30 ساڵ دەبێت.
جالاکی سێیەمی بۆلیسی دارستان بۆ سنوری گوندی کانیخان بووە لەوێ دارێکی بەتەمەن لەجۆری بەڕوو بڕاوە، کە مێش هەنگی تێدابووە و تەمەنی دارەکە نزیکەی 300 ساڵ دەبێت، بەڵام دەڵێت، کەسی سەرپێچیکار نادیارە و بەدوداچوون بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی.
چوارەمیش لەلایەن مەفرەزەکانى بەشی پۆلیسى دارستانى شارەزوور بە هاوبەشی بنکەی زەڕایەن لە گوندى کانیکەوەی جوخ، هاووڵاتییەکیان بە تۆمەتی بیرهەڵکەندن دەستگیرکردووە و دەستیشیان بەسەر ئەو ئامێرەدا گرتووە کە بیرەکەیان پێ هەڵدەکەنی.
پلیس دەڵێت ئەو سێ کەسەی دەستگیرکراون پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رێکخراو رادەستی دادوەر کراون بەمەبەستی گرتنەبەری رێکاری یاسایی لە بەرامبەریان.