"بەڵگەمان هەیە 10 پرسیار هەڵەیە"

وانەی عەرەبی قەرەباڵەغی نایەوە و پرسیارەکانی قورس بووە

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

لەگەڵ ئەوەی ئەمڕۆ پەروەردەکان بە ناونیشانی “سەرکەوتوو بوو” کۆتایی پڕۆسەی تاقیکردنەوەکانیان بۆ خولی یەکەم راگەیاند، بەڵام ژمارەیەک خوێندکاری قۆناغی 12 چوونە بەردەم پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی و داوای لابردن یان قەرەبووکردنەوەیان کرد لە پرسیارەکانی وانەی عەرەبی.

بە قەول و قسەی خۆیان، بەڵگەیان لایە کە 10 پرسیاریان هەڵەبووە، هەندێکیان دەڵێن، ئەو پرسیارانەی دانراون لە دەرەوەی مەنهەج و کتێبەکە بووە و ئەوەش بووە بەهۆکاری ئەوەی لە تاقیکردنەوەکە خراپ بن و ئەو نمرەی بۆی چوون بە دەستی نەهێنن.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو تاقیکردنەوەی زمانی عەرەبی ئەنجامدرا، ئەم تاقیکردنەوەیە لە کاتژمێر 8:30ـی بەیانی دەستپێکرد و ماوەی دوو کاتژمێر و نیوی خایاند، دواتر کاردانەوە و ناڕەزایی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەو پێیەی جگە لە خوێندکاران  بەشێکی مامۆستایان پرسیارەکانیان بە قورس و ناوازە لە قەڵەمدا

لە بەرامبەردا، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەی لەسەر ئاستی پرسیارەکان بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە پرسیارەکان لە چوارچێوەی مەنهەجدا بووە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا