خولی پلە دووی کوردستان
یانەی خەلیفان لە یاریگای خۆی نەیتوانی سەرکەوتن بەدەست بێنێت
964+
ئاکام غەفور – خەلیفان
یانەی خەلیفان، لە گەڕی سێیەمی خولی پلە دووی کوردستان لەسەر یاریگای خۆی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بە یانەی پەروەردە دۆڕاندی.
یارییەکە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 20.3.2023 لەسەر یاریگای یانەی خەلیفان بەڕێوەچوو لە چوارچێوەی گەڕی سێیەمی خولی یانە پلە دووەکانی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر.
یاریزان سلێمان قاسم، گۆڵی یەکەمی یانەی پەروەردەی لە گێمی یەکەم تۆمار کرد و محەمەد ئەحمەدیش لە گێمی دووەمی یارییەکە، گۆڵی یەکەمی خۆی و دووەمی یانەکەی تۆمار کرد، یارییەکەش هەر بەو ئەنجامە کۆتایی هات.
هەر ئەمڕۆ لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر لە خولی پلە دووی کوردستان، ئەو یارییانە ئەنجامدران کە ئەمە ئەنجامەکەیانە.
ئاسۆ 3:0 تەقتەق
چۆمان 0:2 مەخمور
جیهان 1:3 سنوور
شوان عەبدوڵا، راهێنەری یانەی خەلیفان دوای دۆڕانی تیپەکەی قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: داوای لێبووردن لە هاندەرانی یانەکەمان دەکەین نەمانتوانی سەرکەوتن بەدەست بێنین، هەرچەندە لە گێمی یەکەم ئاستێکی باشمان پێشکەش کرد.
دەشڵێت: هۆکاری ئەنجامە خراپەکانمان ئەوەیە یەکەم وەرزمانە لە پلە دووی کوردستان، هەوڵدەدەین بۆ ساڵی داهاتوو باشتر خۆمان ئامادە بکەین.
یانەی خەلیفان و پەروەردە لە کۆمەلی دووەمی پارێزگای هەولێرن، یانەی پەروەردە دوو یاری ئەنجامداوە و چوار خاڵی هەیە، هەروەها یانەی خەلیفان سێ یاری ئەنجامداوە و لە دوو یاریدا دۆراوە و لە یارییەکیش یەکسان بووە و تەنیا یەک خاڵی هەیە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق