"هەموو شەوێ 25 هەزاری دەوێ"
بژێووی ژن و پیاوێکی ناساغ لەسەر کارتۆن و پلاستیکە
+964
دەریا ئەحمەد – کۆیە
قاچەکانی تەواو نین، دەستی هێزی کۆکردنەوەی نییە و نەخۆشی شەکرە و لاوازی گورچیلەشی تووش بووە، کەچی دەیەوێ هێشتا بە دوو بۆ پێنج هەزاری رۆژانە بژێوی خۆی و هاوژینە ناساغەکەی پەیدا بکات.
هۆزان حەمەد و هەڵشۆ حەمید دوو هاوژینن لە کۆیە، کە خاوەن پێداویستی تایبەتن و دوو ساڵە هاوسەرگیریان کردووە، هۆزان رۆژانە بە کۆکردنەوەی کارتۆن و پلاستیک بژێوی ژیانی خێزانەکەی دابین دەکات.
گەرچی لەڕووکەشدا هەڵشۆی خێزانی تا رادەیەک باشتر دەردەکەوێت، بەڵام وەک خۆیان دەێن، مانگانە نزیکەی 300 دۆلاریان پێویستە بۆ دکتۆر و چارەسەری پزیشکی لە کاتێکدا کۆی موچەی هەردووکیان تەنیا 300 هەزارە.
هۆزان حەمەد لەدایکبووی ساڵی 1991ـە هەر لە زگماکەوە قاچەکانی گەورە و نا ئاسایی بوون و هێواش هیواش نەخۆشیەکانی گورچیلە و شێوانی روخساریشی بۆ سەربار بووە.
ئەو بە 964ـی وت، هەموو رۆژێک لەدوای کاتژمێر 8:00ـی بەیانییەوە بە ماتۆڕە شەحنەکەم بەردەم ماڕکێت و کوچەو کۆڵانەکانی کۆیە دەگەڕێم بۆ کۆکردنەوەی کارتۆن و پلاستیک، بەڵام چونکە کەسانی تر لەشیان ساغە وتەندروستن، لەمن زووتر فریا دەکەن و کارتۆنەکان کۆدەکەنەوە.
وەک دەڵێ، من ناچارم کۆڵانەکان بگەڕێم بۆ کۆکردنەوەی کارتۆن و رۆژانە بارێک تا دووان دەتوانم بفرۆشم، بەهۆی ئەوەی ماتۆڕەکەشم بچوکە تەنیا 2 تا 3 هەزارم دەستدەکەوێت و زۆرترینی 5 هەزارە.
شەقیقەشم لەگەڵە و ئەم گەرما تاقەت پڕوکێنە ئەوەندەی تر کاریگەری لەسەرم درووست دەکات، بەڵام بۆ بژێوی ژیانم ناچارم ئەم کارە بکەم، تا چاوەڕوانی دەستی کەس نەبم، بەڵام هێشتا خێرخوازان هاوکارمن و ئەوان نەبن ناتوانم ئەم بارە هەڵبگرم، هۆزان حەمەد وای وت.
ئەوان ئێستا لە خانوویەکدا، هاوینان گەرمە و زستانان دڵۆپە دەکات و حەزدەکەن ببنە خاوەن خانووی خۆیان، هەروەک هاوژینی وتی، ئاواتی یەکەمم ئێستا ئەوەیە ببینە خاوەن خانوی خۆمان بە ناوماڵێکی تازەوە.
هەڵشۆ حەمید کە خاتونی ماڵەوەیە، گەرچی تا ئێستا نەبووە بە بەشی بەڵام وەک خۆی بە 964ـی وت، وەک هەموو ژنێکی تر حەزم لە ماڵێکی پوخت و رێکە، ئێستا ئێمە 140 هەزاری کرێی ئەم خانوە دەدەین و بە کرێی ئاو و کارەباوە مانگانە زیاتر لە 200 هەزارمان دەڕوا، کەرەستەکانی مەتبەخەکەم هەمووی دەستی دووە و خێرخواز بۆیان دابین کردووین، تا خێرخواز هاوکار نەبێ بەو ئاواتە ناگەین.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا