لەسەر رووباری سیروان
جانتای سەفەری داناوە و شەش رۆژە بەدوای تەرمی گەنجە خنکاوەکدا دەگەڕێت
میلاد جەلال – کەلار
سەفەرەکەی دواخستووە و شەش رۆژە لە جیاتی جانتاکەی، کەلوپەلی گەڕان و مەلەوانیی هەڵگرتووە، بەدوای تەرمی گەنجە خنکاوەکەی کەلاردا دەگەرێت.
عەلی حەیدەر، گەنجە خۆبەخشەکەی کەلار بۆ 964 وتی، “رێک ئەو ئێوارەیەی کە گەنجەکە لە رووباری سیرواندا خنکا، من جانتای سەفەرم ئامادەکردبوو بۆ ئەوەی گەشت بکەم، بەڵام کاتێک هەواڵەکەم پێگەیشت، دڵم رێگەی نەدا بڕۆم، جانتاکەم دانا و راستەوخۆ هاتمە سەر رووبارەکە، ئێستا شەش رۆژە لەگەڵ تیمەکاندا بەردەوام بەدوای تەرمەکەیدا دەگەڕێم”.
دەشڵێت، “لە هەر جێگایەک کچێک یان کوڕێک بخنکێت ناتوانم خۆم بگرم و نەچم بۆ هاوکاری، چونکە کاتێک دیمەنەکان لە سۆشیاڵ میدیا دەبینم، لە ناخەوە تێکدەچم و تەنانەت تاقەتی کارکردنیشم نامێنێت”.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح